Accessibility links

بۆڵتن: بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ ئامانجی گۆڕینی ڕژێمەکەی ئێران نیە


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن لە کۆشکی سپی وتی سیاسەتی ئێستای بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ ئامانجی ئەوە نیە هەوڵبدات گۆڕانکاری لە ڕژێمەکەی ئێراندا ئەنجام بدات.

بۆڵتن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سیدا ئاماژەی بە سیاسەتی پێشووی ئەمەریکایدا بۆ ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییە و وتی " ئەمە سیاسەتی بەڕێوبەرایەتییەکە نیە. سیاسەتەکەی ئەوەیە کە هەرگیز ئێران نزیک نەبێتەوە لە بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیی کە بتوانێت بگاتە ئامانجەکانی."

لە چاوپێکەوتنێکی دیکەیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن کاتێک سەبارەت بە بابەتی گۆڕینی ڕژێمەکەی ئێران پرسیاری لێکرا وتی " کاتێک کە کەسێکی تەواو سەربەخۆ بووم زۆر شتم نووسیوە و وتووە لەسەر ئەو بابەتە."

بۆڵتن جەختیشی لەوە کردەوە کە کاری ئەو پێدانی ڕاوێژە بە سەرۆک ترامپ و سەرۆکیش بڕیارەکان دەدات.

وتیشی " ئێستا من ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی سەرۆکم. من بڕیارەکانی ئاسایشی نیشتیمانی دەرناکەم. بەڵکو سەرۆک ترامپە بڕیارەکان دەردەکات، ئەو ڕاوێژییەی پێی دەدەم تەنها لە نێوانی خۆماندا دەبێت."

لە مانگی یەکدا جۆن بۆڵتن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزدا وتی پێویستە لەسەر ئەمەریکا هەندێک ڕێوشوێن بگرێتە بەر وەکو زیادکردنی فشارە داراییەکانی سەر ئێران و پشتیوانیکردنی کۆمەڵانی دژی حکومەت " ئۆپۆزسیۆن ".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG