Accessibility links

منوچن: نوێ نەکردنەوەی بەرزکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران مانای ئەوە نیە ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بکشێتەوە


وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ستڤین منوچن

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن وتی بڕیاری سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ نوێ نەکردنەوە بەرزکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران مانای ئەوە نیە ئەمەریکا بکشێتەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێراندا.

هێشتا ڕوون نیە منوچن مەبەستی چی بوو لەو لێدوانەی، بەڵام وادیارە ئاماژەی بەوەدا کە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ پێی وایە ڕێکەوتنەکە پێویست ناکات لەناو بچێت ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا بەرزکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران درێژ نەکاتەوە کە واشنتن دەیسەپێنێت بەسەر ئێراندا.

ناوەڕۆکی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان بەڕیتانیا و فەڕەنسا و چین و ئەڵمانیا و ڕوسیا و ئەمەریکا لەگەڵ ئێراندا ئەوەیە کە ئێران چالاکییەکانی بەرنامە ناوەکییەکەی سنووردار بکات و لەبەرامبەردا سزاکانی سەر وڵاتەکە بەرز دەکرێتەوە کە بۆتە هۆی خراپبوونی ئابووری ئێران.

لە 12ی مانگی یەکدا سەرۆک ترامپ بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیای ئاگادار کردەوە و وتی دەبێت ئێران ڕازی ببێت بە چاککردنی ئەو هەڵانەی کە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا هەن، ئەگەر نا ئەوا بەرزکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران نوێ ناکرێتەوە.

لەمیانەی دانیشتنێکی کۆنگرێسدا، منوچن وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا گفتوگۆ دەکات و هەنگاوی لەناکاو نانێت.

وتیشی " ئەگەر سەرۆک ترامپ بەرزکردنەوەی سزاکان نوێ نەکاتەوە ئەوا مانای ئەوە نیە ئێمە لە ڕێکەوتنەکە بکشێینەوە. ئەوە مانای ئەوەیە کە سزا سەرەکیی و لاوەکییەکان دەسەپێنرێننەوە بەسەر ئێراندا."

شارەزایانی ناوەکیی ئەمەریکی دەڵێن ئەگەر سەرۆک ترامپ بەرزکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران نوێ نەکاتەوە لە مانگی پێنجدا ئەوا ڕێکەوتنەکە لەناو دەچێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG