Accessibility links

ئەمەریکا: بەرنامە موشەکییەکەی ئێران سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکدەدات


بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا لە بواری سنووردانان بۆ خۆپڕچەککردن وتی بەرنامە موشەکییەکەی ئێران سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکدەدات و کێبڕکێی خۆپڕچەککردن لە ناوچەکەدا زیاد دەکات لەڕێی پێدانی ئەم جۆرە چەکانە بە گروپە چەکدارەکانی ناو لوبنان و یەمەن.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کاتێک لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە وتی تاران نەیتوانیوە دەستبەرداری بەرنامە موشەکییەکەی بێت و سنوورێک دابنێت بۆ دەستوەردانەکانی لە ناوچەکەدا.

ئەمەریکا ئێرانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەوەی کە موشەکی باڵیستیکی تاقیکردۆتەوە و لە مانگی دوانزەوە تا ئێستا دوو موشەکی هەڵداوە.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سنووردانان بۆ خۆپڕچەککردن یەلیم بۆلێت لە کۆنگرەیەکی داماڵینی چەکدا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " بەرنامە موشەکییەکەی ئێران هۆکارێکی سەرەکییە لە زیادبوونی گرژییەکان و تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، هەروەها کێبڕکێی خۆپڕچەککردن لە ناوچەکەدا زیاد دەکات."

وتیشی " ئێران دەبێت بەزووترین کات دەستبەرداری ئەو چالاکییە موشەکییە باڵیستیکییانە ببێت کە لەتوانایاندا هەیە چەکی ناوەکیی هەڵبگرن، هەروەها چیتر موشەک و تەکنەلۆجیای موشەک نەدات بە گروپە تیرۆریستییەکان و لایەنەکانی دیکە."

وتیشی ئێران موشەکی باڵیستیکی داوە بە حوثییەکانی یەمەن و ئەوانیش بە ئاڕاستەی سعودیە هاویشتوویانە.

وتیشی " واشنتن بەتوندی بەرپەرچی ئێران دەداتەوە لە بڵاوکردنەوەی موشەکی باڵیستیکی لە ناوچەکەدا و گواستنەوەی ئەو چەکانە بەشێوەیەکی نایاسایی."

هەروەها داواشی لە هەموو وڵاتان کرد یاساکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکەن کە کۆتوبەند دەخەنە سەر گواستنەوەی تەکنەلۆجیای موشەکیی ئێرانی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG