Accessibility links

ئەمەریکا ئاهەنگی ڕۆژی سەربەخۆیی دەگێڕێت


لە یادی 245 ساڵەی دامەزراندنیدا، ئەمەریکا ئاهەنگی ڕۆژی سەربەخۆیی گێڕا و ئەم ساڵ یادەکە هێمایەکی نوێبوونەوە بوو بۆ زۆرێک لە خێزان و ئاهەنگە گشتیەکان کە ساڵێک زیاترە بەهۆی ڕێوشوێنەکانی پەتای کۆرۆناوە کەمبوونەتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و خانمی یەکەم جیڵ بایدن 1000 کارمەندی تەندروستی و سەربازییان بانگهێشتی کۆشکی سپی کرد تاوەکو پێکەوە ئاهەنگی یادی ڕۆژی سەربەخۆیی بکەنەوە، کۆمەڵگە بچووک و گەورەکانی سەرانسەری وڵاتەکە ئاهەنگیان گێڕا. زۆرێک لە خێزانەکان بەیەکتری شادبوونەوە و لەگەڵ خزمان و هاوڕێکانیاندا کۆبوونەوە کە ماوەی چەند مانگە یەکتریان نەبینیوە، هەندێکیان لە مانگی سێی ساڵی 2020 وە کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا دەرکەوت یەکتریان نەبینیوە.

سەرۆک بایدن بەڵێنیدابوو تاوەکو ڕۆژی سەربەخۆیی لە سەدا 70 ی دانیشتوانی پێگەیشتووی ئەمەریکا لانی کەم یەکەم بەشە ڤاکسین وەردەگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا لە سەدا 67.1 ی دانیشتوان ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

کارمەندانی تەندروستی بەردەوامن لە هاندانی ئەمەریکییەکان تاوەکو ڤاکسین وەربگرن، بەڵام بەتایبەتی ئەو خەڵکە گەنجەی کە لە ویلایەتەکان دەژین و لایەنگری دانۆڵد ترامپ بوون، دوودڵن لەوەی ڤاکسین وەربگرن.

هەفتەی ڕابردوو دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا و پۆلیس هۆشیارییاندا لەوەی ئەگەری ئەوە هەیە لە ماوەی پشووی ڕۆژی سەربەخۆییدا گروپە توندڕەوەکان کاری توندوتیژیی بکەن، بەڵام یادەکە ئاشتیانە بەڕێوەچوو.

لە 4 ی مانگی حەوتی ساڵی 1776 دا نوێنەرانی 13 داگیرکەر کە دواتر بووە ئەمەریکا ڕێکەوتن لەسەر ڕاگەیاندنی مێژوویی سەربەخۆی و هاتنە دەرەوە لەژێر دەسەڵاتی بەڕیتانیادا.

دامەزرێنەرانی وڵاتەکە لە ماوەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا وتیان " ئەم ڕاستیانە لای ئێمە ڕوون و ئاشکران، هەمووان بە یەکسانی دروستکراون، لەلایەن دروستکراوییانەوە کۆمەڵێک مافی چەسپاوییان پێدراوە، لەوانەش ژیان و ئازادی و گەڕان بەدوای خۆشبەختیدا."

بەڵام ئافرەتان لەناو کۆمەڵگەدا بە یەکسانی سەیر نەدەکران، زۆرینەی ئەوانەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییان واژۆ کرد ئەوانە بوون کە کۆیلەیان هەبووە و پێیان وانەبوو کۆیلە هەمان مافی پێدرابێت و بە یەکسانی سەیر نەدەکران.

لە مانگی حەوتی ساڵی 1852 دا کۆیلەیەکی پێشوو و وتاربێژێکی مەزن بە ناوی فرێدرێک دۆگلاس کە گەشتی بە سەرانسەری وڵاتەکە و دەرەوەدا دەکرد تاوەکو خراپییەکانی کۆیلایەتی بخاتەڕوو، بانگهێشت کرا بۆ نیویۆرک تاوەکو وتارێک لەسەر 4 یا مانگی حەوت بدات.

لە وتارێکدا کە پێدەچێت بەناوبانگترین وتاری بووبێت، دۆگلاس پرسی " 4 ی مانگی حەوت بۆ کۆیلەیەکی ئەمەریکی چییە؟ منیش وەڵام دەدەمەوە، ڕۆژێکە زیاد لە هەموو ڕۆژەکانی دیکە سەرجەم ئەو نادادپەروەری و خراپەکارییانەی بۆ دەردەکەوێت کە هەمیشە بۆتە قوربانی دەستیان."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG