ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا ڕایگەیاند سزا بەسەر دوو بەرپرسی دیاری بۆسنەدا دەسەپێنێت، گوتیشی دوو بەرپرسەکە هەوڵیانداوە " لەسەر حسابی دامەزراوە دیموکراتەکانی بۆسنە و دانیشتوانی وڵاتەکە هەوڵ بۆ ئەجێندا سیاسییەکەیان و ئیثنۆ- ناسیۆنالیست بدەن."
لە ساڵەکانی نەوەدەکاندا بۆسنە ناوەندی توندوتیژییەکانی جەنگی نێوان نەتەوەکان بووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە یۆگسلاڤیای پێشوو جیابۆوە.
ئەمەریکا گوتی مارینکۆ کاڤارا لەڕێی دەسەڵاتەکانیەوە وەکو سەرۆکی فیدراسیۆنی بۆسنە و هێرزیگۆڤینا ' کە یەکێکە لە دوو بەڕێوبەرایەتییەکەی بۆسنە کە لە دوای جەنگەوە دابەش بوون '، " بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ دەستی هەبووە لەو کار و سیاسەتانەدا کە پڕۆسەی دیموکراسی و دامەزراوە دیموکراسییەکانی وڵاتەکەی خستۆتە مەترسییەوە."
وتیشی وەزیری تەندروستی و خۆشگوزەرانی گشتی بۆسنە ئالین سیرانیکی بەڕێوبەرایەتییەکەی دیکەی بۆسنە کە بە کۆماری سرپسکا ناسراوە، دەستی هەبووە لە " درێژەدان بە هەوڵەکانی جیاخوازەکان."
دوو بەرپرسەکە سەرمایە و موڵکەکانیان لە ئەمەریکا سڕ دەکرێت و ڕێگەیان پێنادرێت دەستیان پێیان بگات.
جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و پشتیوانی دارایی هەواڵگری بڕایان نیڵسن وتی " مارینکۆ کاڤارا و ئالین سێرانیک هەردووکیان هەوڵیان بۆ ئیثنۆ – ناسیۆنالیست و ئەجێندا سیاسیەکانیان داوە، ئەوەش لەسەر حسابی دامەزراوە دیموکراتەکانی وڵاتەکە و هاوڵاتیانی بۆسنە و هێرزیگۆڤینا."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی داهاتووی بۆسنە " نابێت لەلایەن پارتە ئیثنۆ ناسیۆنالیستەکانەوە لەسەر حسابی دانیشتوانەکەیەوە بخرێتە مەترسییەوە."