Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر کۆمپانیاکانی کەرتی کانزای ئێرانیدا


وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن

ئەمەریکا چوار کۆمپانیای ئێرانی بۆ پۆڵا و ئەلەمنیۆم و ئاسنی خستە لیستی ڕەشەوە و سزای سەپاند بەسەر گەورەترین کارگەی دروستکردنی پۆڵا لە وڵاتەکەدا.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەمەریکا سزای سەپاندووە بەسەر کۆمەڵێک کۆمپانیای ئێرانیدا کە لە دروستکردنی کانزادا کاردەکەن، لەوانەش کۆمپانیای تارا ستیل ترەیدینی سنووردار کە بنکەکەی لە ئەڵمانیایە و سەر بە کۆمپانیای پۆڵای موبارەکەیە، هەروەها سێ بریکاری دیکەی فرۆشتنی پۆڵا لە ئیماڕات و کۆمپانیای میتیل ستیڵ کە بنکەکەی لە ئێرانە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی " بریکارەکانی فرۆشتن ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلاریان لەڕێی فرۆشتنی بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئاسنی موبارەکەوە لە دەرەوەی ئێران دەستکەوتووە، ئەمە لەگەڵ ئەو ملیاران دۆلارەی دیکە کە کەرتەکانی پۆڵا و ئەلەمنیۆم و ئاسن لە ناوخۆی ئێراندا دەستیان دەکەوێت."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی کۆمپانیای موبارەکە گەورەترین بەرهەمهێنەری پۆڵایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و نزیکەی لە سەدا 1 ی کۆی داهاتی ناوخۆی ئێران پێکدەهێنێت."

سزاکانی ئەمەریکا سێ کۆمپانیای گەورەی بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆم و پۆڵا و ئاسنیان لە ئێران کردۆتە ئامانج لەسەر ئەوەی ملیاران دۆلاریان لەڕێی فرۆشتن و هەناردەکردنی کانزای ئێرانەوە دەست دەکەوێت.

هەروەها سەرمایەی هەموو ئەو کۆمپانیایانە سڕدەکرێن و ڕێگە نادرێت ئەمەریکییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە سوود وەرگرتن لە داهاتی کۆمپانیاکانی پیشەسازی کانزا و بریکارەکانی فرۆشتن لە دەرەوە. بەوەش بەردەوام دەبێت لە ڕەفتارە تێکدەرەکانی لە سەرتاسەری جیهاندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG