Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر کۆمەڵێک کەس و کۆمپانیای ئێرانیدا


وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن

ئەمەریکا 20 بەرپرس و کەسایەتی و کۆمپانیای ئێرانی لە تاران و عێراق خستە لیستی ڕەشەوە و سزای بەسەردا سەپاندن، هەروەها تۆمەتباری کردن بەوەی یارمەتی گروپە تیرۆریستیەکان دەدەن، ئەمەش لە نوێترین فشارەکانی سەر ئێراندا لەکاتێکدا ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتەوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەو کەس و لایەنانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە پشتیوانیان لە سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس کردووە، هەروەها چەک و یارمەتیان پێشکەشی ئەو گروپە چەکدارانە کردووە کە ئێران لە عێراق پشتیوانیان لێدەکات، لەوانەش کەتائیب حیزبوڵا و عەسائیب اهل الحق.

وەزارەتەکە وتیشی ئەوان دەستیان هەیە لە دزەپێکردنی چەک بۆ عێراق و یەمەن و هەروەها فرۆشتنی نەوتی ئێرانی بە سوریا، کە بەپێی سزاکانی ئەمەریکا فرۆشتنی نەوتی ئێران قەدەغە کراوە.

ئەو کەس و لایەنانەی سزاکانی ئەمەریکا دەیانگرێتەوە دەخرێنە لیستی ڕەشەوە، بەپێی ئەوەش هەموو موڵک و سامانێکیان لە ئەمەریکا سڕ دەکرێت و بەشێوەیەکی گشتی ڕێگە نادرێت ئەمەریکیەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن وتی " ئێران کۆمەڵێک کۆمپانیا بەکاردەهێنێت تاوەکو لەڕێیانەوە پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستیەکانی ناوچەکە بکات و لەجیاتی ئەوەی خزمەتی گەلی ئێران بکات دەچیت لەسەر حسابی گەلەکەی یارمەتی و کۆمەکی تیرۆریستان دەدات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG