Accessibility links

ئەمەریکا سزا بەسەر حوسییەکانی یەمەندا دەسەپێنێت


ئەمەریکا ڕایگەیاند سزای سەپاندووە بەسەر حوسییەکانی یەمەندا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی سزایان سەپاندووە بەسەر کۆمەڵێک کەسدا، لەوانەش سەعید ئەل جەمال کە یارمەتیدەرێکی حوسییەکانە و گوایە سەرپەرشتی تۆڕێکی قاچاغی دەرەوەی ئێرانی کردووە بۆ فرۆشتنی نەوت و قازانجەکەی گەڕاندۆتەوە بۆ حوسییەکان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی هیوادارە فشارەکانی سەر حوسییەکان ناچارییان بکات هێرشەکانیان بۆ سەر شاری مەئریبی یەمەن کۆتایی پێبهێنن کە کۆتا شوێنی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی یەمەنە لە باکووری وڵاتەکەدا.

بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئێستا کاتی ئەوەیە حوسییەکان بە ئاگربەست ڕازی ببن و سەرجەم لایەنەکان گفتوگۆ سیاسییەکان دەستپێبکەنەوە."

وتیشی " ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە فشار خستنەسەر حوسییەکان، ئەوەش لەڕێی سزاکانەوە، تاوەکو بە ئامانجەکانی دەگات."

جێی ئاماژەیە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ حوسییەکانی وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند، بەڵام بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن لە یەکێک لە یەکەمین هەنگاوەکانیدا ئەو بڕیارەی ترامپی هەڵوەشاندەوە.

هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەش وەکو وەڵامێک بوو بۆ نیگەرانی و ترسەکانی ڕێکخراوە مرۆییەکانی ناو یەمەن کە ناچار بوون لەگەڵ حوسییەکاندا مامەڵە بکەن تاوەکو بێنە دەرەوەی وڵاتەکە.

بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن هەوڵە دیبلۆماتییەکانی لە یەمەن زیادکرد، هەروەها خۆشی بەدوورگرت لە هێرشە ئاسمانییەکانی سعودیە بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن.

لەلایەکی دیکەشەوە بایدن دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران، بەمەرجێک ئێران دووبارە پابەندی سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانی بێتەوە لە ڕێکەوتنەکەدا، بەڵام ئێران سوورە لەسەر ئەوەی سەرەتا دەبێت ئەمەریکا سەرجەم سزاکانی سەر تاران لاببات.

بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتیشی سزاکانیان لەسەر کۆمەڵێک بەرپرسی پێشووی ئێران لابردووە، ئاماژەی بەوەدا ئەوە وەکو پێزانینێکە لەسەر گۆڕانی ڕەفتارەکانیان.

ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند سزاکانی سەر سێ بەرپرسی پێشووی ئێرانیان لابردووە، لەوانەش سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی ئێران ئەحمەد قالیبانی.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی " لابردنی ئەم سزایانە ئەنجامی گۆڕانی ڕەفتار یاخود پێگەی ئەو کەسانەیە کە سزاکانیان بەسەردا سەپێندراوە، هەروەها ئاماژەیەکیشە لەسەر ئەوەی حکومەتی ئەمەریکا پابەندە بە لابردنی سزاکانەوە ئەگەر هاتوو ڕەفتار یاخود پێگەی ئەو لایەنانەی سزاکانیان بەسەردا سەپێندراوە بگۆڕێت."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی ئەم بڕیارە هیچ پەیوەندییەکی نیە بە گفتوگۆکانەوە لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە لە ڤییەنا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG