Accessibility links

ئەمەریکا سزا بەسەر ڕابەرانی کودەتاکەی میانماردا دەسەپێنێت


ئەمەریکا سەپاندنی سزای بەسەر ڕابەرانی ئەنجومەنی کودەتا سەربازییەکەی میانماردا ڕاگەیاند، هۆشیاریشیدا لەوە سزای زیاتر دەسەپێنێت ئەگەر هاتوو سوپا دووبارە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بەکاربهێنێت.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سەپاندنی سزای بەسەر 10 سەرکردەی سەربازی ئێستا و پێشووی میانماردا ڕاگەیاند کە بەرپرسن لە کودەتاکەی 1 ی مانگی دوو، سزاکانیش سڕکردنی سەرمایە و مامەڵەکانیان لە ئەمەریکا دەگرێتەوە.

سزاکان سەرکردەی ئەنجومەنی نوێی سەربازی میانمار مین ئۆنگ هیلینگی کردۆتە ئامانج کە پێشتریش بەهۆی تێوەگلانیەوە لە هەڵمەتە خوێناوییەکەی دژی موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا لەلایەن ئەمەریکاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە.

سزاکان سەپێندراون بەسەر کۆمەڵێک کەسی نوێشدا، لەوانیش ئەو سەرکردە سەربازییانەی کە وەزیرەکانی حکومەتیان دەستنیشانکرد.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵن وتی " ئێمە ئامادەین ڕێوشوێنی دیکە بگرینەبەر ئەگەر هاتوو سوپای میانمار بەرنامەکانی نەگۆڕێت."

وتیشی " ئەگەر دووبارە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەرەکان ئەنجام بدرێت ئەوا سوپای میانمار بۆی دەردەکەوێت ئەو سزایانەی ئەمڕۆ سەپێندران تەنها سەرەتایە."

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دووبارە داوای لە ڕژێمی سەربازی کردەوە دەستبەرداری دەسەڵات ببێت و دەسەڵات دووبارە ڕادەستی ڕابەری حکومەت ئۆنگ سان سوچی بکاتەوە, هەروەها داوایکرد سەرجەم دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات و کۆتوبەندەکان لەسەر پەیوەندییەکان لاببات.

بلینکن وتی " سەپاندنی سزاکان پەیامێکی ڕوونە بۆ پشتیوانیکردنی گەلی میانمار لە هەوڵیدا بۆ دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند سزاشی سەپاندووە بەسەر سێ کۆمپانیای هەناردەکردنی بەردی گرانبەهادا، ئەوانیش ( میانمار ڕوبی ئینتەرپرایز و میانمار ئیمپێڕیاڵ جەید و کانکری.).

وەزارەتەکە ڕوونیکردەوە هۆکاری سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کۆمپانیایانەدا ئەوەیە سەر بە سوپای میانمارن.

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاند بەڕێوبەرایەتیەکەی بەنیازە ڕێگە نەدات جەنەڕاڵەکانی میانمار دەستیان بگات بەو سەرمایەیەی کە هەیانە لە ئەمەریکا و بڕەکەی دەگاتە یەک ملیار دۆلار.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG