Accessibility links

ئەمەریکا لەسەر ناڤاڵنی سزا بەسەر بەرپرسانی ڕوسیادا دەسەپێنێت


ئالێکسی ناڤاڵنی

ئەمەریکا سەپاندنی سزای بەسەر بەرپرسانی باڵای ڕوسیادا ڕاگەیاند، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ ژەهراویکردنی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا ئالێکسی ناڤاڵنی کە دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا مۆسکۆ بە بەرپرس دەزانێت لە ژەهراویکردنەکەی.

دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمە یەکەمین جارە جۆو بایدن سزا بەسەر ڕوسیادا بسەپێنێت، بایدن هەڵوێستێکی توندتری بەرامبەر ڕوسیا هەیە وەک لە سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی سزاکانی ئەمەریکا بەتایبەتی بەسەر حەوت بەرپرسی باڵای ڕوسیادا سەپێندراوە کە هێشتا ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە، ئەم هەنگاوەی ئەمەریکاش " بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ هاوبەشەکانماندا لە یەکێتی ئەوروپا."

وتیشی " هەوڵی زیادکردنی گرژیی نادەین." بەڵام جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا لەکاتی پێویستدا دەستەوەستان نابێت.

وتیشی ئەمەریکا هیچ گومانێکی نیە لەوەدا کە مۆسکۆ لە پشت " هەوڵی کوشتنی " ئالێکسی ناڤاڵنیەوە بووە.

ئەوەشی خستەڕوو " دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە کۆمەڵێک ئەفسەری سەر بە دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ڕوسیا ماددەیەکی ژەهراوییان بە ناوی نۆڤیچۆکەوە بەکارهێناوە بۆ ژەهراویکردنی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا ئالێکسی ناڤاڵنی لە 20 ی مانگی هەشتی ساڵی 2020 دا."

وتیشی " دووبارە داوا دەکەین بەزووترین کات ناڤاڵنی ئازاد بکرێت."

لە ماوەی ڕابردووشدا یەکێتی ئەوروپا بڕیارێکی هاوشێوەی پەسەند کرد، لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ جەختی لەوە کردەوە ڕوسیا وەڵامی سزاکانی ڕۆژئاوا دەداتەوە.

وتی " کەس یاسا دیبلۆماسیەکانی هەڵنەوەشاندۆتەوە، بۆیە یەکێک لەو یاسایانە وەڵامدانەوەی هاوشێوەیە."

هەروەها کرێملن ڕایگەیاند سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕوسیا هیچ سوودێکیان نیە.

وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ وتی " ئەوانەی بەردەوامن لە پشت بەستن بەم جۆرە ڕێوشوێنانە پێشتر دەبێت لانی کەم تۆزێک بیری لێبکەنەوە: ئایا هیچ ئامانجێک دەپێکن لە بەردەوامبوونیان لەم جۆرە سیاسەتە؟"

وتی " وەڵامەکە ئاشکرایە، سیاسەتی لەم جۆرە ئامانجەکانی ناپێکێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG