Accessibility links

ئەمەریکا بەڵێنی بەرگریکردن دەدات لە مافەکانی مرۆڤ لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا و وتی " ڕەوشەکە بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا دەڕوات.

بلینکن بەڵێنیشیدا " بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ " بکات لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت.

بلینکن لە میانەی ڕاپۆرتێکی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا وتی " سەرجەم ئامڕازە دیبلۆماسییەکانمان بەکاردەهێنین بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و لێپێچینەوە لەوانەی کە پێشێلکاری دەکەن."

جەختیشی لەوە کردەوە سەرۆک بایدن دژایەتی " هەر پێشێلکارییەک دەکات لە مافەکانی مرۆڤ لە هەر شوێنێکدا ڕووبدات، بەبێ ئەوەی چاوپۆشی لێبکات."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەتایبەتی باسی لەو " پێشێلکارییانە کرد کە بەرامبەر موسوڵمانەکانی ویگۆر " لە هەرێمی شینگیانگی چین دەکرێن، هەروەها ئاماژەی بە کۆمەڵێک پێشێلکاری دیکەدا لە جیهاندا، لەوانەش سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە میانمار لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەوە، هەروەها دەستگیرکردنی کەسایەتیەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ڕوسیا و توندوتیژییەکان دژی خۆپیشاندەران لە بێلاڕوس و ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر دانیشتوانی یەمەن ئەنجام دەدرێن. سەبارەت بە سوریاش باسی لەو پێشێلکارییانە کرد کە ڕژێمی سوریا ئەنجامیداون، لەوانەش " لە سێدارەدان و ئەشکەنجەدان."

لەلایەکی دیکەوە بلینکن سەپاندنی سزای نوێی ڕانەگەیاند. بەڵام وتی " سەرجەم ئامڕازە دیبلۆماسییەکانمان بەکاردەهێنین بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و لێپێچینەوە لەوانەی پێشێلکاری دەکەن." جەختیشی لەوە کردەوە واشنتن هەمیشە بە " هەماهەنگی " لەگەڵ هاوبەشەکانیدا کارەکان جێبەجێ دەکات، بە نموونەش سزاکانی ئەمدواییانە کە هەریەک لە ڕوسیا و میانمار و چینیان کردە ئامانج.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG