Accessibility links

واشنتن کۆمەڵەیەکی سیاسی پاکستانی دەخاتە لیستی ڕەشەوە


ئەمەریکا کۆمەڵەیەکی سیاسیی پاکستانی بە ناوی ڕابیتەی موسوڵمانان خستە لیستی ڕەشی تیرۆری بیانییەوە و وتی ئەوە ناوێکی خوازراوە بۆ کۆمەڵەیەکی توندڕەو کە تۆمەتبار کراون بە هێرشە خوێناوییەکەی هیندستان لە ساڵی 2008 دا.

ڕابیتەکە حافیز سەعید سەرکردایەتی دەکات و ئەمەریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەکو خەڵات داناوە بۆ هەر کەسێک بتوانێت دەستگیری بکات.

سەعید کۆمەڵەی عەسکەر تەیبەی دامەزراندووە کە ئەمەریکا خستوویەتییە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە و واشنتن و نیودەلهی تۆمەتباریان کردووە بە تۆمەتی ئەوەی دەستی هەبووە لە هێرشەکەی مۆمبای هیندستاندا لە ساڵی 2008کە چوار ڕۆژی خایاند و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 166 کەس.

سەعید چەند جارێک ڕەتی کردۆتەوە دەستی هەبووبێت لە هێرشەکەدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ناوە خواززراوەکە زیادکراوە بۆ سەر عەسکەر تەیبە وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم پۆڵینکردنە ئامانج لێی ئەوەیە کە عەسکەر تەیبە نەتوانێت ئەو پێداویستییانە بەدەست بخات کە پێویستییەتی بۆ پلانگێڕان و ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی دیکە."

هیندستانیش پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمەریکا کرد و وتی پاکستان ڕێوشوێنی توندی نەگرتۆتە بەر بەرامبەر توندڕەوەکان.

پاکستانیش پێشتر ڕەتی کردبۆوە دەستی هەبووبێت لە هێرشەکەی مۆمبایدا و ڕەتی کردبۆوە کە هیچ پەیوەندییەکی هەبووبێت بە کۆمەڵەی عەسکەر تەیبە و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەوە. لە ساڵی 2002 دا پاکستان عەسکەر تەیبەی خستە لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکانەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG