Accessibility links

کاردانەوەی ڕوسیا و سوریا و ئێران و تورکیا سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ لەسەر جۆلان


لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەمەریکا دان بنێت بە سەروەری ئیسڕائیلدا لە بەرزاییەکانی جۆلان، ئەم ڕاگەیاندنەی سەرۆک ترامپیش کاردانەوەی لێکەوتەوە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە.

حکومەتی سوریا سەرکۆنەی ئەو لێدوانانەی سەرۆک ترامپی کرد و جەختی لە سووربوونی سوریا کردەوە لە ئازادکردنی ئەو ناوچەیە بە هەر شێوەیەک بێت.

هەروەها کەناڵی فەڕمی ئێرانی لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە لێدوانەکەی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە دانپێدانانی سەروەری ئیسڕائیل لە جۆلان جێی قبوڵکردن نیە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمی وتی " ئەم دانپێدانانە یاسایی نیە و جێی قبوڵکردن نیە و ئەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە جۆلان سەر بە سوریایە."

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەبارەت بە لێدوانەکەی سەرۆک ترامپ وتی ناوچەکە بەرەو قەیرانێکی نوێ دەبات.

لە لێدوانێکیدا ئەردۆگان وتی " ناکرێت شەرعیەت بدەین بە داگیرکردنی جۆلان."

لە کاردانەوەیەکی دیکەدا دەزگای ڕاگەیاندنی ڕوسیا لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ماریا زاخارۆڤاوە بڵاویکردەوە گۆڕینی ڕەوشی بەرزاییەکانی جۆلان ڕاستەوخۆ پێشێلکردنی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG