وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس جەختی لە " گرنگی " بوونی هێزەکانی ئەمەریکا کردەوە لە ئەڵمانیا بۆ ئاسایشی ئەمەریکا و ئەوروپا. ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند بەنیازە ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا کەم بکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس لە سەردانەکەیدا بۆ پۆڵەندا وتی " پێمان وایە بوونی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا نەک تەنها گرنگە بۆ ئاسایشی ئەڵمانیا بەڵکو بۆ ئاسایشی ئەمەریکا و ئەوروپاش گرنگە."
ماس ئەوەشی خستەڕوو بەرلین هیچ وردەکارییەکی لەسەر کات و چۆنێتی کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکای لە ئەڵمانیا پێ نەوتراوە.
وتی " وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمەریکا نەیانتوانیوە زانیاریمان بدەنێ لەسەر ئەم بابەتە." وتیشی هەر گۆڕانکارییەک لە هەیکەلی ئاسایشی ئەوروپادا ڕووبدات دەبێت پێشتر تاوتوێ بکرێت.
لەلای خۆیەوە سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی " ئەوە ڕێکەوتنی دووقۆڵی نێوان ئەمەریکا و ئەڵمانیایە. بەڵام بابەتەکە بۆ ناتۆ گرنگە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس