Accessibility links

گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتی جۆرجیا زۆرینەی سینات دیاری دەکات


هەردوو سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆو بایدن و سەرۆکی لەسەر دەرچوون دانۆڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە کۆبونەوەی جەماوەرییان لە ویلایەتی جۆرجیا ئەنجام دا لە کاتێکدا گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی ئەو ویلایەتە لەمڕۆ سێشەممەدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدات ئایا کۆمارییەکان یان دیموکراتەکان دەبنە زۆرینەی سیناتی ئەمەریکا.

ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کاردەکاتە سەر شێوازی ستراتیژی کارەکانی یەکەم دوو ساڵی گەڕە چوارساڵییەکەی بایدن لە کۆشکی سپیدا.

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن لە دەمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ کاندیدەکانی دیموکراتەکان لە جۆرجیا
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن لە دەمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ کاندیدەکانی دیموکراتەکان لە جۆرجیا

بایدن دووانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە لە شاری ئەتڵانتا گوتی جۆرجیا " نەک تەنها بۆ خولی چوارساڵی داهاتوو، بەڵکو نەخشە بۆ نەوەی دهاتووش دادەڕێژێت."

ئەو گوتیشی لە مانگی 11دا ژمارەیەکی بێپێشینەی خەڵکی جۆرجیا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دەنگیان دا، ئەمەش وای کرد بە جیاوازییەکی کەم سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

بایدن گوتیشی " ئێستاش دەمانەوێت جارێکی تر بە شێوەیەکی بێپێشینە دەنگ بدەنەوە."

ترامپ ئێوارەی دووشەممە لە ناوچەی دێلتۆن‌ی باکوری ویلایەتەکە کە زۆرینەی کۆماریین هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی بەڕێوەبرد، ئەو بەردەوام بوو لە قسەکانی دژی کاربەدەستانی هەڵبژاردنەکانی جۆرجیا بۆ ڕەتکردنەوەی دۆڕاندنی بە جۆو بایدن کە بە جیاوازییەکی کەم بوو لە هەڵبژاردنەکانی 3 ی مانگی 11 دا.

ترامپ بە شێوەیەکی نادروست بە ئامادەبوانی گوت " بە هیچ شێوەیەک ئێمە لە جۆرجیا نەدۆڕاوین... لە دوو هەڵبژاردن بەشداریم کردووە. لە هەردووکیاندا بردومەتەوە."

جارێکی تر ترامپ بە بێبەڵگە ئاماژەی بەوە کردەووە کە هەڵبژاردنەکان "ساختەی" تێدا کراوە و داوای لە کۆمارییەکان کرد ڕۆژی سێشەممە بڕژێن بەسەر بنکەکانی دەنگداندا.

دانۆڵد ترامپ
دانۆڵد ترامپ

ترامپ بەرگری لە دوو کورسی سیناتی کۆمارییەکان کرد، سیناتۆر دەیڤد پێردوو بەڕێوەبەری بازرگانی و سیناتۆر کێڵی لۆفلەر، دەوڵەمەندترین یاسادانەری ئەمەریکا.

بایدنیش پشتیوانی لە دوو کاندیدی دیموکراتەکان دەکرد جۆن ئۆسۆف، دەرهێنەری فیڵمی بەڵگەیی کە ڕووبەڕووی پێردوو دەبێتەوە و قەشە ڕێڤ ڕافایڵ وارنۆک کە ڕووبەڕووی لۆفلەر دەبێتەوە.

ئەم دەنگدانەی ویلایەتی جۆرجیا بەهۆی ئەوە دەکرێت کە هیچ کام لەم لە کاندیدەکان نەیانتوانی لە سەدا 50 زیاتری دەنگەکان بەدەستبهێنن. جۆرجیا بە ویلایەتێکی کۆماری دادەنرێت. لە ساڵی 1992 وە هەتا ئیستا بایدن یەکەم کاندیدی سەرۆکایەتی دیموکراتەکان بوو بتوانێت لەو ویلایەتە بیباتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی بەشداربوون لەم هەڵبژاردنەدا ئێجگار زۆر بێت لە کاتێکدا نزیکەی 3 ملیۆن کەس پێشوەخت دەنگی خۆیان چ بە ڕێگای پۆستە یان چوونیان بۆ بنکەکانی دەنگدان داوە.

ترامپ گوتیشی " دیموکراتەکان هەوڵ دەدەن بە فێڵ کردن بگەنە کۆشکی سپی، نابێت ڕیگەیان پێبدەن، نابێت بهێڵن دەنگەکانی سیناتی ئەمەریکاش بدزن، نابێت بهێڵن ئەمە ڕووبدات."

لە هەڵبژاردنەکانی مانگی 11 دا 5 ملیۆن کەس لەو ویلایەتەدا دەنگیان دا، بەڵام نزیکەی 100 هەزار کەس لەوانە لە ئێستادا دەنگیان بۆ خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سیناتی دەنگیان داوەتەوە.

هەڵبژاردنەکانی جۆرجیا چۆن گۆرانکاری لە سیناتدا دەکات
please wait

No media source currently available

0:00 0:00:24 0:00

ئەم هەڵبژاردنەی جۆرجیا زۆرینەی سیناتی ئەمەریکا دیاری دەکات لە ئێستادا کۆمارییەکان خاوەنی 50 کورسین و دیموکراتەکانیش 48 کورسی.

ئەگەر کۆمارییەکان هەردوو کورسی یان تەنانەت یەكیکیشیان ببەنەوە ئەوە دەبنەوە زۆرینە لە سینات. هاوکات ئەگەر دیموکراتەکان هەردووکی ببەنەوە سینات دەبێت بە 50 بە 50 لەو بارەشدا بۆ بڕیارەکان دەنگی کامڵا هێرسی جێگری سەرۆک دەبێتە دەنگی یەکلاکەرەوە.

XS
SM
MD
LG