Accessibility links

جەنەڕاڵێکی ئەمەریکی دەڵێت هێشتا داعش هەڕەشەیە لە سوریا و عێراق


جەنەڕاڵ فرانک مککێنزی
جەنەڕاڵ فرانک مککێنزی

فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا جەنەڕاڵ فرانک مککێنزی وتی سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوی داعش لاواز بووە و پەرتەوازە بوون، داعش بەتەواوەتی شکستی نەهێناوە هەتاوەکو جیهان نەتوانێت ئەو هەزاران کەسەی کە بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی ناو عێراق و سوریاوە ئاوارەبوون بیانگەڕێنێتەوە سەر شوێنی خۆیان.

جەنەڕاڵ مککێنزی کە سەرپەشتی ئەرکە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارە و پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هێزی سەربازی ناکرێت.

مککێنزی لەمیانەی لێدوانێکیدا لەبەردەم ئەنجومەنی نیشتیمانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عەرەبدا وتی چارەسەری پەنابەران و ئاوارەکان دەبێت لەڕێی هەوڵی هاوبەشی ڕێکخراوە دیبلۆماسی و ئاسایشی و مرۆییەکانەوە بێت. ئاماژەشی بەوەدا لە کامپی پەنابەران و ئاوەرەکاندا خەڵکانێکی زۆر فیکری داعشیان هەڵگرتووە و ئەوەش پێدەچێت لە داهاتوودا لە نەوەکانیاندا ڕەنگ بداتەوە.

وتی " هەتاوەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگەیەک نەدۆزێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران و ئاوارەکان بۆ نیشتیمانی خۆیان و ماڵەکانی کۆمەڵگەکە دووبارە یەک نەخاتەوە و پشتیوانی لە پڕۆگرامەکانی پێکهێنانەوەی ئەم خەڵکانە نەکات، ئەوا کێشەیەکی ستراتیژی 10 ساڵی بۆ خۆمان دەکڕین کاتێک ئەم منداڵانە بە فیکری توندڕەوی گەورە دەبن، ئەگەر لە ئێستادا ڕووبەڕووی ئەمە نەبینەوە ئەوا لە ڕاستیدا هەرگیز شکست بە داعش ناهێنین."

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ داوای کردووە سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکشێنەوە چونکە وەکو خۆی دەڵێت شایەنی ئەوە نیە ئەمەریکیەکان خۆیانی بۆ بکەنە قوربانی، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی چەند سەد سەربازێکی ئەمەریکی لە سوریا ماونەتەوە و لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکانی سوریادا کاردەکەن تاوەکو بەرەکەیان دژی داعش بەهێزتر ببێت. هەروەها نزیکەی 3000 سەربازی ئەمەریکی هیشتا لە عێراقدا ماون،

ڕۆژی سێشەممە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ فەرمانی کردووە بە کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بۆ 2,500 سەرباز، بەڵام ئاماژەی بە ئەنجامدانی هیچ گۆڕانکارییەک نەدا لە سوریا.

مککێنزی وتی داعش لە پێگەیەکدا نیە بتوانێت هەڕەشەیەکی گەورەی ئاسایشی لەسەر ئەمەریکا هەبێت، هەروەها ڕێکخراوەکانی دیکەی وەکو قاعیدە و گروپە توندڕەوەکانی دیکەش بە هەمان شێوە لاوازبوون بەڵام هێشتا بەتەواوەتی لەناونەبراون.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG