لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریکا 15,000 حاڵەتی نوێی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرد، لەکاتێکدا بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپ هەوڵدەدات خوێندنگاکان بکرێنەوە و پلانی ئەوە هەیە لە هەریەک لە میشیگن و میزۆری خۆپیشاندان دژی بەکارهێنانی دەمامک بەڕێوەبچێت.
بەپێی شیکارییەکی ڕۆیتەرز ئەگەر ویلایەتی فلۆریدا وڵات بوایە ئەوا چوارەمین وڵات دەبوو لە زۆرترین ژمارەی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە یەک ڕۆژدا، لە دوای هەریەک لە ئەمەریکا و بەڕازیل و هیندستانەوە دەهات.
ئەم ژمارە پێوانەییەی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە یەک ڕۆژدا لە فلۆریدا ژمارە پێوانەییەکەی ویلایەتی نیویۆرکی شکاند کە لە 10 ی مانگی چواردا کاتێک کە ئەو ویلایەتە سەنتەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بوو لە ئەمەریکا 12,847 حاڵەتی توشبوونی بە پەتای کۆرۆنا تۆمارکرد.
هاوکات ئەو کەسانەی کە دژی بەکارهێنانی دەمامکن لە هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا بە فلۆریدا و میشگنیشەوە خۆپیشاندانیان ڕێکخستووە و دەڵێن فەرمانی بەکارهێنانی دەمامک پێشێلکردنی مافەکانی تاکەکەسە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز