Accessibility links

نوێنەری ئەمەریکا سەردانی ئیسیوپیا دەکات


نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئەفریقا جێفری فێڵتمان
نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئەفریقا جێفری فێڵتمان

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ڕۆژی پێنجشەممە نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئەفریقا جێفری فێڵتمان سەردانی ئیسیوپیا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ئەو وڵاتەدا کۆدەبێتەوە، مەبەست لە سەردانەکەشی تاوتوێکردنی گفتوگۆکانی ئاشتیە. ئەمەش لە نوێترین هەنگاوی ئەمەریکادا بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکانی ناو ئەو وڵاتە.

حکومەتی ئیسیوپیا ماوەی ساڵێکە دژی هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای دەجەنگێت، ئەم شەڕەش یەکێک بووە لە خوێناویترین ململانێکانی ئەفریقا، بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ملیۆنان کەسی دیکەش ئاوارە بوون.

ئەمەریکا چەند جارێک داوای کۆتایی هێنانی کردووە بە دوژمنکارییەکان و تاوتوێی چارەسەرێکی کردووە بۆ ململانێکان و کۆتایی هێنان بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکارییەکانی دیکە و بەربەستەکانی بەردەم گەیشتنی یارمەتیە مرۆییەکان بۆ وڵاتەکە.

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " 6 ی مانگی یەک فێڵتمان لە ئادیس ئابابا دەبێت و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتدا تاوتوێی گفتوگۆکانی ئاشتی دەکەن."

مانگی ڕابردوو هێزەکانی تیگرای کە دژی حکومەتی ئیسیوپیا دەجەنگن لە دوو هەرێمی دراوسێی تیگرای لە باکووری وڵاتەکە کشانەوە، ئەمەش هەنگاوێک بوو بەرەو ئاگربەست دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەت کۆمەڵێک ناوچەی سەرەکییان لە باکووری وڵاتەکە کۆنتڕۆڵکردەوە.

هەفتەی ڕابردوو وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی کشانەوەکە و لێدوانەکەی حکومەتی ئیسیوپیا کە تیایدا وتی نایەوێت شوێن ئەو هێزانە بکەوێت بۆ ناو تیگرای، دەرفەتێکن بۆ لایەنەکان تاوەکو بێنە سەر مێزی گفتوگۆکردن.

ئۆفیسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا کە 30 ی مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوو بڵاویکردەوە ئاماژە بەوە دەدات هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر هەرێمی تیگرای بەردەوامن، بەپێی ڕاپۆرتەکە دەیان هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و لە ناوەڕاستی مانگی دوانزەوە هیچ کاروانێکی یارمەتیە مرۆییەکان نەیتوانیوە بچێتە ناو تیگرایەوە.

واشنتن بەردەوام بووە لە زیادکردنی فشارەکانی تاوەکو کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی ئیسیوپیا بهێنێت، فێڵتمان خۆی چەند جارێک سەردانی ناوچەکەی کردووە و هەوڵیداوە کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت.

لە مانگی یانزەدا ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر سوپای ئیریتریا و لایەنەکانی دیکەی ئەو وڵاتەدا و هۆشیاریدا لەسەر ئەوەی ئامادەیە دژی هەر لایەنێکی دیکە بجوڵێتەوە کە دەستوەردەدەنە ململانێکانی ئیسیوپیاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG