Accessibility links

ئەمەریکا ڕووبەڕووی هەفتەیەکی قورس دەبێتەوە


جیرۆم ئادامس
جیرۆم ئادامس

ئەمەریکا دەچێتە قورسترین و هەسیارترین هەفتەوە، لەکاتێکدا ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نیویۆرک و میشیگن و لویزیانا زیاد دەکات، بەڵام هەندێکی کەم لە فەرمانڕەوای ویلایەتەکان هێشتا فەرمانی مانەوە لە ماڵەوە دەرناکەن.

ڕۆژی یەکشەممە لە نیویۆرک نزیکەی 600 حاڵەتی نوێی گیان لەدەستدان تۆمارکرا و زیاتر لە 7,300 کەسی دیکە توشی ڤایرۆسەکە بوون. هەروەها لە هەندێک شوێنی دیکەی وەکو پێنسلڤانیا و کۆلۆرادۆ و واشنتن ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە وردە وردە زیاد دەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە فەرمانڕەوای نیویۆرک ئاندرو کومۆ وتی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا ئەو کەسانەی ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون لە سەدا 50 کەمتر بوون بەبەراورد لەگەڵ ڕۆژی ڕابردوودا، بەڵام هۆشیاریدا لەسەر ئەوەی هێشتا ڕوون نیە کە ئایا قەیرانەکە هێشتا گەیشتۆتە لوتکە یاخود نا، ئەمەش لەکاتێکدایە لە نیویۆرک ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە 4,159 کەسن و زیاتر لە 122,000 کەسی دیکەش توشی ڤایرۆسەکە بوون.

پزیشکی نەشتەرگەری گشتی ئەمەریکا جیرۆم ئادامس لە کەناڵی فۆکس نیوزی هۆشیاریدا لەوەی کاتە قورسەکان هێشتا لەبەردەمماندان و ئەوەشی خستەڕوو " ئەگەر هەمووان بۆ ماوەی 30ڕۆژی داهاتوو پابەند بن بە ڕێنماییەکانەوە ئەوا هیوایەک دەبێت بۆ سەرکەوتن."

وتی " لەڕاستیدا ئەم هەفتەیە قورسترین و خەمناکترین هەفتە دەبێت بۆ ئەمەریکیەکان. ئەمە وەکو پیرڵ هاربەر دەبێت، وەکو 11 ی ستپتێمبەر دەبێت، جیاوازییەکە تەنها ئەوە دەبێت کە بەدیاریکراوی لە شوێنێک نابێت، بەڵکو لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا دەبێت. منیش دەمەوێت ئەمەریکیەکان لەوە تێبگەن."

زۆرینەی ویلایەتەکانی ئەمەریکا فەرمانیان دەرکردووە هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان بمێننەوە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. تا ئێستا لە ئەمەریکا زیاتر لە 332,000 هاوڵاتی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە 9,500 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG