Accessibility links

ئیسیوپیا داوا لە ئەمەریکا دەکات چیتر زانیاری هەڵە سەبارەت بە جەنگ بڵاونەکاتەوە


دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە ئەگەری " ڕوودانی هێرشی تیرۆریستی " لە ئیسیوپیا، وەزیری پەیوەندییەکانی حکومەتی ئیسیوپیا کەبیدی دێسیا داوای لە ئەمەریکا کرد چیتر " هەواڵی ناڕاست " سەبارەت بە وڵاتەکە بڵاونەکاتەوە.

زیاتر لە ساڵێکە حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری ئیسیوپیا ئابی ئەحمەد دژی هێزەکانی بەرە ئازادی تیگرای لە باکووری وڵاتەکە لە جەنگدایە، شەڕ و پێکدادانەکان بوونەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان خەڵکی دیکە لە ئیسیوپیادا کە دووەمین زۆرترین دانیشتوانی هەیە لە ئەفریقادا.

لەم هەفتەیەدا حکومەتی ئێرلەندا وتی بەهۆی هەڵوێستی ئێرلەنداوە سەبارەت بە ململانێکانی ئیسیوپیا، حکومەتی ئیسیوپیا چوار کەسی لە شەش دیبلۆماتکارەکەی ئێرلەندای لەو وڵاتەدا دەرکردووە. وتەبێژی حکومەتی ئیسیوپیا هۆشداریشیدا لەسەر هەڕەشە ناوخۆییەکان و چەند جارێک ڕەخنەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گرتووە لەسەر ئەوەی " بەشێوەیەکی ناڕاست ڕووماڵی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە دەکەن."

وەزیری پەیوەندییەکانی ئیسیوپیا کەبیدی وتی دەبێت چیتر حکومەتی ئەمەریکا " هەواڵی ساختە و زانیاریی هەڵە سەبارەت بە ئیسیوپیا بڵاونەکاتەوە."

لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە تویتەکەی ڕۆژی چوارشەممەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکادا لە ئیسیوپیا کە تیایدا داوای لە هاوڵاتیانی ئەمەریکی کرد لەو وڵاتەدا زۆر وریا بن بەهۆی " ئەگەری ڕوودانی هێرشی تیرۆریستیەوە لە ئیسیوپیا."

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا دەیان هەزاران هاوڵاتی ئیسیوپی لە ئادیس ئابابای پایتەخت پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەت دووپاتکردەوە و سەرکۆنەی ئەمەریکایان کرد کە گوایە وەکو خۆیان دەڵێن دەستی وەرداوەتە کاروباری ناوخۆی ئیسیوپیاوە. لەلای خۆیەوە واشنتن داوای لە هاوڵاتیەکانی لە ئیسیوپیا کردووە بەزووترین کات ئەو وڵاتە جێبهێڵن بەرلەوەی بارودۆخەکە خراپتر ببێت.

ڕۆژی پێنجشەممە دەیان کەس لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکادا لە ئیسیوپیا گردبوونەوە و دەیانوت " دەستوەردان کارێکی دیموکراتی نیە و ڕاستی سەردەکەوێت."

بەرپرسی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا وتی پارێزراوی هاوڵاتیانی ئەمەریکا لە دەرەوە یەکێکە لە سەرەکیترین ئەرکەکانی وەزارەتی دەرەوە، ئاماژەشی بەوەدا " بەردەوام داوا لە هاوڵاتیانمان دەکەین لە ئیسیوپیا ئێستا وڵاتەکە جێبهێڵن لەکاتێکدا هێشتا گەشتە ئاسمانیەکان لەبەردەستدان."

هێزەکانی تیگرای و هاوپەیمانەکانیان هەڕەشەی ئەوە دەکەن بەرەو ئادیس ئابابای پایتەخت دەجوڵێن. لە ئێستاشدا بەتوندی شەڕ دەکەن بۆ گرتنی ئەو ڕێڕەوی گواستنەوەیەی کە ئیسیوپیا بە بەندەرە سەرەکییەکەی هەرێمەکەوە دەبەستێتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG