Accessibility links

سوپای ئەمەریکا پێگەی خۆی لە سوریا بەهێز دەکات بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی واشنتن بە بەکارهێنانی " هێزێکی بێ پایان " بەرپەرچی هەموو هەوڵێک دەداتەوە بۆ دەرهێنانی کێڵگە نەوتییەکانی سوریا لەژێر دەسەڵاتی ئەو هێزانەی سوریا کە ئەمەریکا پشتیوانیان لێدەکات، ئیتر هەوڵەکان لە ڕێکخراوی داعشەوە بێت یاخود ئەو هێزانەی لەلایەن ڕوسیا و سوریاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

هەفتەی ڕابردوو سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند پێگەی خۆی لە سوریا بەهێز دەکات بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی سوریا تاوەکو ڕێكخراوی داعش یاخود هێزەکانی دیکە دەست بەسەر ئەو کێڵگانەدا نەگرن.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئیسپەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هێزەکانی ئەمەریکا لەم ناوچە ستراتیژییە دەمێننەوە تاوەکو ڕێگە نەدەن ڕێکخراوی داعش دەستی بگاتە ئەو سەرچاوە سروشتیانەی لەوێ هەن. بە هێزێکی بێ پایانەوە وەڵامی هەر گروپێک دەدەینەوە هەڕەشە لە پارێزراوی هێزەکانمان بکات لەوێ."

ئاماژەشی بەوەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات پشتیان بەم نەوتە بەستووە بۆ پێدانی پارە بە چەکدارەکانیان و ئەو هێزانەش کە پاسەوانی ئەو زیندانانە دەکەن کە چەکدارانی داعشیان تێدایە.

وتیشی " دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە لەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەتوانن دەستیان بگات بەم سەرچاوە سروشتیە تاوەکو پاسەوانی زیندانەکان بکەن و هێزەکانیان پڕچەک بکەن و بتوانن یارمەتیمان بدەن لە ئەرکی لە ناوبردنی ڕێکخراوی داعشدا."

وتیشی " بۆیە ئەرکەکەمان پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG