Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت چین هەڕەشەیە بۆ سەر جیهان


وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئێسپەر لە میانەی وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ چینی وەکو هەڕەشەیەک بۆ سەر جیهان ناودێرکرد و وتی چین وڵاتە بچووکەکان دەترسێنێت و بە هەر نرخ و هۆکارێک بێت سوودیان لێوەردەگرێت.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا وتارەکەی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخدا قۆستەوە بۆ ڕەخنەگرتن لە چین و ڕوسیا و کۆریای باکوور و ئێران و هەروەها گروپە توندڕەوەکانیش.

مارک ئێسپەر ئاماژەی بەوەدا چین لە ناوخۆی وڵاتەکەشدا خەڵک سەرکوت دەکات و لە بازرگانیشدا شێوازێکی خراپ بەکاردەهێنێت بۆ پێشکەوتنی ئابوورییەکەی. ئەوەشی خستەڕوو ئەمەریکا ململانێی لەگەڵ چیندا ناوێت، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا حکومەتی ئەمەریکا یارمەتی تەندروستی بۆ چین دابین کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە زیاتر لە 67,000 کەسی توش کردووە. بەڵام وتیشی چین لەمێژە هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کردووە و دەبێت ئەوروپا و سەرتاسەری جیهان " هۆشیان بێتەوە بەر خۆیان " لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی چین دروستی کردوون.

" ئۆرگانەکانی پارتی شیوعی چین بە سوپای چینیشەوە تا دێت ئەرکەکانیان لە دەرەوەی سنووری چین زیاتر دەبێت، بە ئەوروپاشەوە."

وتیشی " دەبێت قسەکانی حکومەتی چین بە کەم نەزانین و گوێیان پێبدەین، ئەوان وتیان هەتاوەکو ساڵی 2035 هێزە سەربازییەکەیان تەواو مۆدێرن دەکەن و هەتاوەکو ساڵی 2049 هەوڵدەدەن هەموو ئاسیا داگیر بکەن و ببنە گەورەترین هێزی سەربازی جیهان."

هەروەها وتیشی " چین خەڵکەکەی خۆی سەرکوت دەکات و هەڕەشە لە دراوسێکانی دەکات."

ئاماژەی بەوەدا " ئێمە دەمانەوێت چین وەکو دەوڵەتێکی ئاسایی ڕەفتار بکات، ئەوەش مانای ئەوەیە حکومەتی چین دەبێت سیاسەت و ڕەفتارەکانی بگۆڕێت."

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG