Accessibility links

بێلاڕوس داوا لە ئەمەریکا دەکات کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە وڵاتەکە کەم بکاتەوە


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بێلاڕوس

ڕژێمەکەی سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ وەکو وەڵامێک بۆ دوایین سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکە داوای لە واشنتن کرد تاوەکو 1 ی مانگی نۆ کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە مینسک کەم بکاتەوە بۆ پێنج کەس.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بێلاڕوس ئەناتۆڵ هلاز لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە ماڵپەڕی وەزارەتەکە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت بێلاڕوس پەسەندکردنی دەستنیشانکردنی جولی فیشەری وەکو باڵیۆزی ئەمەریکا لە بێلاڕوس ڕەت کردۆتەوە.

هلاز وتی " بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بێلاڕوس چیتر متمانە بە بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا ناکات، هاریکارییەکان لە سەرجەم پڕۆژە و مۆڵەت و پڕۆگرامە نوێیەکاندا لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا هەڵدەوەشێنینەوە، ئەمەش تاوەکو جارێکی دیکە متمانەیان پێدەکەینەوە." ئاماژەشی بەوەدا بێلاڕوس مافی خۆیەتی لە داهاتوودا ڕێوشوێنی دیکە بگرێتەبەر.

جولی فیشەر لە ساڵی 2008 ەوە یەکەمین باڵیۆزی ئەمەریکایە لە بێلاڕوس، بەڵام نەیتوانیوە کارەکانی لە مینسکەوە بەڕێوەبەرێت بەهۆی ئەوەی حکومەتی بێلاڕوس ڤیزای پێنادەن.

چاوپێکەوتنەکەی هلاز دوای ئەوە هات ئەمەریکا و بەڕیتانیا و کەنەدا سزای ئابووری و بازرگانی نوێیان بەسەر حکومەتەکەی بێلاڕوسدا سەپاند.

سەرۆکی وڵاتەکە ئالیکساندەر لوکاشینکۆ لە ساڵی 1994 ەوە سەرۆکایەتی وڵاتەکە دەکات، لە دوایین هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیشدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دووبارە وەکو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن و هاوڵاتیانی دیموکراتخوازی بێلاڕوس و زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وتیان هەڵبژاردنەکان ساختەکاری تێدا کراوە.

دوابەدوای هەڵبژاردنەکانیش خۆپیشاندانی گەورە لە سەرانسەری بێلاڕوس دژی لوکاشینکۆ بەڕێوەچوون، حکومەتەکەی لوکاشینکۆ بە توندی وەڵامی خۆپیشاندەرانی دایەوە و هەڵمەتی سەرکوتکردن و دەستبەسەراگرتنی خۆپیشاندەران و ڕابەرانی ئۆپۆزسیۆن و چالاکەوان و ڕۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی دەستپێکرد.

لە جاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا لە ڕوسیا، فیشەر وتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو کە بووە هۆی کەوتنەوەی خۆپیشاندانەکان " خاڵی سەرەکی گۆڕانی بۆچوونی ئێمە بوو لەسەر ئەو ڕووداوانەی لە بێلاڕوس ڕوودەدەن."

وتی " ئەوەی ئێمە بینیمان ئەوەیە گەلی بیلاڕوس بەڕوون و ئاشکرا داوای کەسێکی دیکە دەکەن لەجیاتی لوکاشینکۆ، هەروەها سروشتی ساختەیی هەڵبژاردنەکانیشمان بینی کە پێشتر شتی لەوجۆرەمان نەبینیبوو. بەڵگەکانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا هێشتا بەردەوامن، خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ سندوقەکانی دەنگدان و ڕەت کردنەوەی چاودێرە نێودەوڵەتیەکان، هەموو ئەمانە خەڵکەکەی بەشێوەیەک لێکرد ساختەکارییەکە ڕەت بکەنەوە و ئەوەش لە ساڵی 2020 دا بەڕوون و ئاشکرا دەبیندرا."

لە وەڵامی هەموو ئەمانەدا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و کەنەدا و بەڕیتانیا و وڵاتانی دیکە سزایان سەپاندووە بەسەر لوکاشینکۆ و کەسە نزیکەکانی و کۆمەڵێک کۆمپانیای بێلاڕوسیدا، بەمەش لوکاشینکۆیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەراوێز خستووە و لە ئێستادا حکومەتەکەی زیاد لە هەموو کات پشت بە ڕوسیا دەبەستێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG