Accessibility links

بەهۆی هەڕەشەکانەوە واشنتن ستافە ناسەرەکییەکەی لە باڵیۆزخانەکەی لە کابوڵ دەکشێنێتەوە


بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەکانەوە لە کابوڵ کە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی هێزەکانی ئەمەریکادا بۆ کشانەوە لە ئەفغانستان، ئەمەریکا فەرمانی بە ستافە ناسەرەکییەکەی لە باڵیۆزخانەکەی لە کابوڵ کرد ئەفغانستان جێبهێڵن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " فەرمانمان بەو کارمەندانەی حکومەتی ئەمەریکا کردووە کە دەتوانن لە شوێنێکی دیکەشەوە کارەکانیان ڕاپەڕێنن باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کابوڵ جێبهێڵن."

بریکاری نوێنەری ئەمەریکا لە ئەفغانستان ڕوس ویڵسن لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان وتی " بڕیارەکە بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی کردەوە توندوتیژەکان و هەڕەشەکان لە کابوڵ دراوە."

ئاماژەشی بەوەدا بڕیارەکە " تەنها ژمارەیەکی کەم لە کارمەندەکان دەگرێتەوە "، وتیشی باڵیۆزخانەکە بەردەوام دەبێت لەکارەکانی.

ویڵسن لە تویتەر نوسیویەتی " ڕێگە بە ستافە سەرەکییەکەی باڵیۆزخانەکە دەدرێت لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، ئەوەش بەمەبەستی ڕاپەڕاندنی کارەکانی پەیوەست بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ئەو کارە گرنگانەی کە وەکو پشتیوانیەک بۆ گەلی ئەفغانی ئەنجامی دەدەین."

حکومەتی ئەمەریکا بەنیازە تاوەکو 11 ی مانگی 9 سەرجەم هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە. سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پێی وایە هێزەکانی ئەمەریکا ئامانجەکەیان پێکاوە، بەڵام زۆرێک لە شیکەرەوە سیاسییەکان پێیان وایە ئەم کشانەوەیە پێدەچێت ببێتەهۆی نقومبوونی ئەفغانستان لە شەڕێکی ناوخۆی نوێدا، یاخود گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات.

لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووبارە داوای لە هاوڵاتیانی ئەمەریکا کردەوە بەرەو ئەفغانستان نەچن، ئەوەشی خستەڕوو " گروپە تیرۆریستی و یاخیبووەکان بەردەوامن لە پلاندانان بۆ هێرشەکان و جێبەجێکردنیان لە وڵاتەکەدا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG