Accessibility links

نیگەرانییەکانی سیاسەتی دەرەوە ڕەنگە کاربکەنە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا


هەمیشە نیگەرانییە ئابوورییەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا گرنگییەکی ئێجگار زۆرییان هەبووە، لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزەشدا نیگەرانییە ئابوورییەکان گرنگ دەبن بۆ دەنگدەرانی ئەمەریکایی، بەڵام جەنگەکانی ناو غەززە و ئۆکرانیا ڕەنگە کاربکەنە سەر هەڵبژاردنەکان.

هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە پێشبینی دەکرێت لە نێوان سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا بن، بەپێی ڕۆبەرت کۆڵێنزی پڕۆفیسۆری سیاسەتی گشتی لە زانکۆی دیلارد لە نیوئۆرلیانزی ویلایەتی لویزیانا " کێبڕکێیەکی زۆر نزیک دەبێت و بە ڕێژەیەکی ئێجگار کەم یەکلایی دەبێتەوە."

کۆڵێنز دەڵێت " لەو هەڵبژاردنانەدا کە کێبڕکێکان تێیاندا نزیکن، خەڵکەکە لەسەر ئەو ڕێژە کەمە دەتوانن بڕیار بدەن کێ دەبێتە سەرۆک."

مامۆستای میوزیک لە ماساچوستس لاوری سکلار بە دەنگی ئەمەریکای وت ئەم هەڵبژاردنە هەستێکی جیاوازی هەیە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بەشێکی لەبەرئەوەیە کە جەنگەکەی ناو غەززە " ساتێک زۆر ناخۆشە " بۆ دیموکراتە گەنجەکان.

سکلار دەڵێت " ( دیموکراتە گەنجەکان ) یان ئەوەتا دەنگ بە کاندیدێکی لایەنی سێیەم دەدەن یاخود ڕەتی دەکەنەوە هەر دەنگیش بدەن، پێم وایە ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەری لیبڕاڵی گەنج هەن کە لە مانگی یانزەدا دەنگ نادەن بە بایدن، نیگەرانیشم لەوەی ڕەنگە ئەوە مانای ئەوە بێت ترامپ سەردەکەوێت."

گەنجە ئەمەریکاییەکان سەنگییان خستووەتە سەر غەززە

بەپێی ئامارێک کە پێشتر لەم ساڵدا کە لەلایەن بەشی کەنەدی زانکۆی هارڤاردەوە ئەنجام دراوە، ئەمەریکاییە 18 بۆ 29 ساڵەکان زۆرینەیان پشتگیری لە ئاگربەستێکی هەمیشەیی دەکەن لە غەززەدا.

بروکلین بێردی خوێندکاری دەرچوو لە شرێڤپۆرتی لویزیانا دەڵێت لە ساڵی 2020 دا دەنگی داوە بە بایدن بەڵام لە ساڵی 2024 دا دەنگی پێنادات.

بێردی بە دەنگی ئەمەریکای وت " مەحاڵە ئەم پایزە دەنگ بە جۆوی کۆمەڵکوژ بدەم. ئەو تێوەگلاوە لە پاکتاویکردنێکی نەژادیدا."

بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کە دەنگ بدات بە ترامپ.

وتی " پێم وایە وەکو خاوەن کارێک، سەرۆکایەتییەکەی ترامپ بۆ ئابووری باش بوو، بەڵام ناتوان پشتگیری لە کەسێک بکەن بەو شێوە جێگیرە پشتیوانی لە ئیسڕائیل بکات. بیرم لەوە کردووەتەوە دەنگ بە لایەنێکی سێیەم بدەم، بەڵام هێشتا دڵنیا نیم."

ڕۆڵی ئەمەریکا لە دەرەوە بۆ پەیج بێنسنی مامۆستا لە نیویۆرک گرنگە، بەڵام ئەوە بڕیار نادات لەسەر ئەوەی دەنگ بە کێ بدات.

بێنسن بە دەنگی ئەمەریکای وت " سیاسەتی دەرەوەم بەلاوە گرنگە، پێشم وایە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە ڕاستی گرنگن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کارێکی زۆرمان هەیە کە دەبێت لەگەڵ وڵاتەکەی خۆماندا بیکەین."

وتی " کاتێک دێتە سەر ئەوە دەنگ بە کێ دەدەم، لەسەر ئەوە دەبێت کە متمانەم بە کێیە لە ڕووی ئابوورییەوە. وادیارە کە ئێستا لە ڕووی ئابوورییەوە هەمووان کۆشش دەکەن. خەڵک دەناسم موچەی زۆر باشییان هەیە بەڵام هێشتا کۆشش دەکەن، بیر بکەرەوە ئەوانی دیکەمان چۆن بن."

هارڤی وەیسەرمانی خانەنشین لە فلۆریدا دەڵێن دەنگ لەسەر کۆچ دەدات.

وتی " سیاسەتی دەرەوە گرنگە، بەڵام هیوادارم بتوانین چیتر دادوەری جیهان نەبین. من دەڵێم با سەنگ بخەینە سەر وڵاتەکەی خۆمان. دەمەوێت سنوورێکی پارێزراو و مەرجێکی ڕوون ببینم بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامە. پێم وایە ڕەنگە ترامپ بتوانێت ئەوەمان بداتێ."

ڕێبێکا ئوروشیای دەنگدەر لە کۆنێکتیکێت دەڵێن " چۆنێتی مامەڵەکردنمان لەگەڵ گرژییەکاندا لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر من دەبێت." ڕێبێکا دەنگ بە ترامپ دەدات.

وتی " بە هیچ شێوەیەک شێوازی پەیوەندیکردنی ترامپم بە دڵ نیە، بەڵام ئەو زۆر بەهێزترە لە سیاسەتی دەرەوەدا. ئەو ڕاستەوخۆیە و ئەو بەڵێنەی دەیدات جێبەجێی دەکات. بەڵام بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن لەلایەکی دیکەوە، زۆر ناجێگیرن لە هەڵوێستەکانییاندا، زۆر شت هەیە لە دەستی بدەیت ئەگەر یەکلاکەرەوە نەبیت."

سیاسەتی دەرەوە بۆ دێبی پێسێسی دەنگدەری لویزیاناش گرنگە، بەڵام ئەو دەنگ بە بایدن دەدات.

پێسێس وتی " ئەگەر پوتن ئۆکرانیا بگرێت ئەوا هیچ کام لە وڵاتانی ئەوروپا پارێزراو نابن. هەرچەندێکیش هەست بە خەڵکی غەززە دەکەم، بەڵام ناتوانین ڕێگە بە حەماس بدەین هەڕەشە لەسەر تەنها دیموکراسی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بکات."

وتیشی " کەسێکی ئاراممان دەوێت لە کۆشکی سپیدا، تەنانەت لە کاتێکدا کە نیگەرانم لەسەر تەمەنی بایدن، بەڵام سروشتی بایدن زۆر لە ترامپ باشترە بۆ ئەو کارە."

کاریگەریی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024

کۆڵێنزی پڕۆفیسۆر پێی وایە نیگەرانییەکانی سیاسەتی دەرەوە، لەوانەش جەنگەکەی ناو غەززە ڕەنگە جیاوازییەک دروست بکەن، بۆ نموونە، لە جۆرجیا چوار ساڵ لەمەوبەر بایدن بە جیاوازی کەمتر لە 12,000 دەنگ سەرکەوتنی بە دەستهێنا.

کۆڵێنز وتی " تەنها لە ئەتڵانتا، زیاتر لە 11,000 ئەمەریکایی موسوڵمان هەن. ئەوەش دەتوانێت سەرۆکی دواتر دیاری بکات، باس لەو خوێندکارانەی زانکۆش ناکەین کە موسوڵمانیش نین و بە ئاشکرا دیارە ڕازی نین لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی بایدن لەگەڵ ململانێکەدا لە ئیسڕائیل."

وتیشی " لە کۆتاییدا پێموایە ئەمەریکاییە موسوڵمانەکان بەو ئەنجامە دەگەن کە بایدن کەمترە لە دوو خراپەکە بە بەراورد بە سیاسەتی ترامپدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام پێموایە ژمارەیەکی بەرچاو لە دەنگدەرانی گەنجتری دیموکراتەکان ڕەنگە ئەوەندە بێهیوا بن کە بڕیار بدەن دەنگ نەدەن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG