Accessibility links

لە هەندێک لە شارەکانی ئەمەریکا خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت


خۆپیشاندەران لە هەندێک لە شارەکانی ئەمەریکا خۆپیشاندانیان کرد و داوایان کرد دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بەتەواوەتی جیابکرێتەوە، لەکاتێکدا کۆمەڵێک لە لایەنگرانی سەرۆک ترامپ لە دەرەوەی ناوەندەکانی دەنگدان لە میشگن و ئاریزۆنا خۆپیشاندانێکی هاوشێوەیان ئەنجامدا.

پۆلیسی نیویۆرک دەیان کەسی دەستگیرکرد دوای ئەوەی خۆپیشاندانەکان ئاشتیانە بەڕێوەدەچوون، کاربەدەستانی شارەکە ئاماژە بەوە دەدەن کۆمەڵێک خەڵک " هەوڵیانداوە خۆپیشاندانەکە بگۆڕن بۆ کاری تێکدەرانە، ئەوەش لەڕێی ئاگرکردنەوە و پێکدادان لەگەڵ ئەفسەرانی پۆلیسدا."

بە هەمان شێوە خۆپیشاندەران لە شیکاگۆ و لۆس ئانجلس و سیاتڵ و هیوستن و پیتسبێرگ و مینیاپۆڵیس و سان دیێگۆ ڕژانە سەر شەقامەکان، جیا لەوەی کە داوای جیاکردنەوەی دەنگەکانیان دەکرد، داوای یەکسانیشیان دەکرد لەنێوان ڕەگەزەکاندا.

لەلایەکی دیکەشەوە لایەنگرانی سەرۆک ترامپ چوونە ناوەندێکی دەنگدان لە دیترۆیت، میشیگن و داوای ڕاگرتنی جیاکردنەوەی دەنگەکانیان کرد، ئەوانی دیکە لە فینیکس و ئاریزۆنا هاواریان دەکرد " ئەم دزیکردنە بوەستێنن."

هۆکاری ئەم خۆپیشاندانە جیاوازانە ئەوەیە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی سێشەممە هێشتا نادیارە، هەروەها سەرۆک ترامپیش ڕایگەیاند ساختەکاری لە ئەنجامەکاندا کراوە، لەکاتێکدا کۆمارییەکان کۆمەڵێک سکاڵای یاساییان دژی ئەنجامەکان تۆمارکردووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG