وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت لە هێرشێکی دیاری چەکدارانی سەر بە هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازی سوداندا نێردەی دیپلۆماتی ئەمەریکا لە سودان تەقەی لێکراوە، ڕووداوەکەشی بە " بێباکانە و نابەرپرس " ناوبرد.
ڕووداوەکە بووە هۆی ئەوەی بلینکن هۆشداری بدات، کە بە جیا لەگەڵ ڕابەری هێزی نیمچە سەربازی سودان جەنەڕاڵ محەمەد حەمدان داقەڵۆ و سەرکردەی سوپای سودان جەنەڕاڵ عەبدل فەتاح ئەلبورهاندا قسەی کردووە و پێی وتوون دروستبوونی مەترسیی لەسەر دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا جێی قبوڵکردن نیە.
بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شارۆچکەی هاوینەهەواری کاریوزاوای ژاپۆن کە لەوێ ئامادەی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت بوو وتی " دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە دوێنێ نێردەی دیبلۆماتی ئەمەریکا تەقەی لێکراوە."
وتیشی " بە تەواوەتی ڕوونم کردۆتەوە کە هەر هەڕەشەیەکی هێرشکردن و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر دیبلۆماتکارانمان بە تەواوەتی جێی قبوڵکردن نیە."
وتیشی دیبلۆماتکاران پارێزراون.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا " زۆر نیگەرانین سەبارەت بە ئاڕاستەی ژینگەی گشتی ئاسایش چونکە کاردەکاتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و دیبلۆماتکاران و کارمەندانی یارمەتییە مرۆییەکانیش."
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو ئەمەریکا لە نزیکەوە هەماهەنگی دەکات لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دیکەدا کە کاریگەرییان لە سوداندا هەیە، بە ئیماڕات و سعودیە و بەڕیتانیاشەوە، هەروەها لەگەڵ یەکێتی ئەفریقا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەشدا هەماهەنگی دەکات.
بەپێی ڕۆیتەرز، شەڕەکەی ناو سودان لە نێوان هێزەکانی سوپای سودان و هێزە نیمچە سەربازییەکاندا بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 185 کەس و زیاتر لە 1800 کەسی دیکە بریندار بوون، لە کاتێکدا کە هەردوولا بانگەشەی ئەوەیان کرد دەستکەوتییان هەبووە لەو شەڕەدا کە هێرشی ئاسمانی و تۆپهاوێژی تیادا بەکارهاتووە.
شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوام بوون، ئەوەش سەرەڕای داواکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە و هەوڵەکانی ئیماڕات و میسڕیش بۆ ڕازیکردنی لایەنە ناکۆکەکانی سودان بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز