Accessibility links

CDC هۆشداری دەدات ئەم زستانە سەختترین کات دەبێت لە مێژووی تەندروستی ئەمەریکادا


نێوەندی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان ( CDC) ڕۆژی چوارشەممە هۆشداری دا زستانێکی پڕ لە ترس لە پێشە لە کاتێکدا بەردەوام حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆڤید-19 لە زیادبووندایە.

بەڕێوەبەری CDC ڕۆبەرت ڕێدفیڵد ڕایگەیاند " ڕاستییەکە ئەوەیە کە مانگەکانی 12، 1 و 2 کاتێکی زۆر سەخت دەبن." ناوبراو لەو وتارە ڕاستەوخۆیەیدا کە لەلایەن ڕێکخراوی ژووری بازرگانی ئەمەریکاوە ڕێکخرابوو گوتیشی " لە ڕاستیدا لەوبڕوایەدام قورسترین کاتیشبێت لە مێژووی تەندروستی ئەم وڵاتەدا."

ڕێدفیڵد ڕایگەیاند لە ئێستادا بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆڤید-19، خراپترە لە شەپۆلەکانی پێشوتر، بە لەبەرچاوگرتنی مەودای جوگرافی و ڕێژەی توشبوون لە کاتێکدا لە ئەمەریکا ڕۆژانە نزیکەی 2 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

ئەو ئاماژەی بەو بارگرانییەش کرد کە لەسەر نەخۆشخانەکانی وڵاتدا هەیە کە جێگای نەخۆشیان زۆر کەمەو ستافەکانیان کارێکی زۆر دەکەن.

ڕۆژی چوارشەممە بۆ یەکەم جار لەوەتای ئەم ڤایرۆسە بڵاوبۆتەوە زیاتر لە 100 هەزار کەس لە ڕۆژێکدا بەهۆی ڤایرۆسەکە چوونە نەخۆشخانە.

لە کاتێکدا زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان لە ڕێنماییەکانی تەندروستی وەکو دوورکەوتنەوە لە یەکترو پێچانی دەمامک ماندوبوون، ڕێدفیڵد داوا لە خەڵکی دەکات لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا ئەو ڕێنماییانە بە توندی جێبەجێ بکەن.

لە هەفتەی ڕابوردوو ملیۆنان ئەمەریکایی لە دەمی جەژنی سوپاسگوزاریدا گەشتیان کرد سەرباری ئامۆژکارییەکانی شارەزایانی تەندروستی لە دژی گەشت کردن و کۆبونەوەی خێزانەکان.

بە پێی ئامارەکانی نێوەندی لێکۆڵینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای زانکۆی جۆن هۆپکنس هەتا ئێستا لە ئەمەریکا 273 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و 13 ملیۆن و 900 هەزار کەسیش توشی ڤایرۆسەکە بوون.

XS
SM
MD
LG