ئەمەریکا ژمارەی پێوانەیی لە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی 24 کاتژمێردا تێپەڕاند و زیاتر لە 200,000 حاڵەتی تۆمارکرد.
زانکۆی جۆنز هۆپکینز وتی لە کاتژمێر 20:30 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکو 20:30 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا 201,961 حاڵەتی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکردووە.
ئاماژەشی بەوەدا لە تەنها یەک ڕۆژدا 1,535 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. بەمەش کۆی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان لە ئەمەریکا بەرزبۆوە بۆ نزیکەی 240,000 حاڵەت.
ماوەی هەفتەیەکە ئەمەریکا ڕۆژانە زیاتر لە 100,000 حاڵەتی توشبوون تۆماردەکات، لەکاتێکدا ئەوانەشی ڕەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێن گەیشتۆتە ئاستێکی پێوانەیی.
سەرچاوە/ فرانس پرێس