Accessibility links

ئەندامانی کۆنگرێس: هیچ شتێکمان سەبارەت بە ئێران پێ ناوترێت


ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا سکاڵایان لە بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کرد لەسەر ئەوەی زانیاری تەواویان ناداتێ سەبارەت بە گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا، هەندێک لە کۆمارییەکانیش دەڵێن هیچ شتێکیان پێ نەوتراوە و ناوترێت.

پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران گرژییەکی زۆری تێکەوتووە لەو کاتەوەی مانگی ڕابردوو سەرۆک ترامپ بڕیاریدا هەناردەی نەوتی ئێران ڕابگرێت و بوونی سەربازیی ئەمەریکا لە کەنداودا زیاتر بکات وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئێران.

ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا بە هەندێک لە هاوڕێکانی سەرۆک ترامپیشەوە لە کۆمارییەکان، وتیان دەیانەوێت زانیاری نهێنیان پێ بوترێت سەبارەت بەم هەڕەشانەی ئێران و ئەو بڕیارانەی بەڕێوبەرایەتییەکە دەیدات. بەڕێوبەرایەتیەکەی پێشوو هەموو زانیارییەکانی سەبارەت بە ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکە بە کۆنگرێس دەوت.

هەندێک لە ئەندامانی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس دەڵێن گونجاو دەبوو ئەگەر کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەدا بکردایە.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆک ترامپ ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕەت کردەوە کە گوایە بەرپرسانی ئەمەریکا بیر لە پلانێکی سەربازیی دەکەنەوە بۆ ناردنی نزیکەی 120 هەزار سەرباز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە.

سیناتۆری کۆمارییەکان لیندسی گراهام لەبەردەم ئەنجومەنی سیناتدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێم وایە هەموومان لە تاریکیداین." وتیشی هیوادارم ڕەوشەکە بە ئەندامانی کۆنگرێس بوترێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیلۆسی کە سەر بە حیزبی دیموکراتەکانە داوای بەیاننامەیەکی کرد بۆ ئەندامانی کۆنگرێس بەڵام یاریدەدەرێک وتی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپ هێشتا بەوە ڕازی نەبووە.

سیناتۆری باڵای دیموکراتەکان بۆب مێنیندێزی ئەندام لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتدا وتی " ئەگەر ئێران بەرپرس بێت لە هێرشەکانی سەر هێزەکانمان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا ئەوا بێگومان پێویستە لەسەرمان بەشێوەیەکی گونجاو و بەڕێگەیەک وەڵام بدەینەوە کە چیتر ڕێگە بە هێرشی دیکە نەدەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG