ئەندامانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەش کرد ئامانج لێی ڕێگەدانە بە ئەمەریکا تاوەکو ڕووبەڕووی " بەرەنگارییەکانی " چین ببێتەوە، بەتایبەتی لە بابەتی دزینی موڵکی فیکری و پێویستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تایوان.
لەم ساڵانەی دواییدا گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین زیادییانکرد دوای ئەوەی ئەمەریکا چینی تۆمەتبار کرد بەوەی موڵکی فیکری وڵاتەکە دەدزێت، هاوکاتیش بەهۆی زیادبوونی بڵاوکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی چین لە ئاسیادا، هەروەها تۆماری چین لە بواری مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنەکانی لە هۆنگ کۆنگ و دەستگیرکردنی بە کۆمەڵی موسوڵمانەکانی ویگۆر.
سەرۆکی دیموکراتەکان لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی سینات و جێگرە کۆمارییەکەی ئەم پڕۆژەیەیان پێشکەش کرد، " یاسای ڕکابەریی ستراتیژی " ئەمەش هەوڵێکە بۆ دیاریکردنی چوارچێوەیەکی ستراتیژی بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ چیندا.
پڕۆژە یاساکە ئەگەر پەسەند بکرێت، ئەوا بە تایبەتی داوا لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکرێت ساڵانە لیستی ئەو کۆمپانیا چینیانە بدات کە سوودیان لە دزینی موڵکە فیکرییەکان کردووە لەسەر حسابی کۆمپانیایەک یاخود کەرتێکی ئەمەریکی.
هەروەها داوای ڕاپۆرتێکیش دەکات لەسەر هەڵسەنگاندنی حاڵەتەکانی لاقەکردن و لەباربردن و ئەو کردەوە توندوتیژییە سێکسیانەی دیکە کە دژی کەمینەکانی ویگۆر ئەنجام دراون، هەروەها ڕاپۆرتێکیش سەبارەت بە دەستگیرکردنەکان و مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ موسوڵمانەکانی ویگۆردا.
لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر پڕۆژە یاساکە پەسەند بکرێت، ئەوا جەخت لە پشتیوانی ئەمەریکا دەکرێتەوە لە تایوان، ئەوەش لەڕێی جێبەجێکردنی " هەمان ئەو پڕۆتۆکۆڵانەی " کە لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا پەیڕەویی دەکرێت، بەڵام پڕۆژەکە وەکو هەمیشە تەنها دان بە چیندا دەنێت.
سەرچاوە/ فرانس پرێس