Accessibility links

دەنگدانێکی مێژوویی کۆنگرێسی ئەمەریکا لەسەر قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی کۆیلایەتی


لیژنەیەکی کۆنگرێسی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە پەیوەستە بە پێدانی پارە بۆ قەرەبووکردنەوەی تاوانەکانی کۆیلایەتی لە ئەمەریکا، ئەمەش لە دەنگدانێکی مێژووییدا کە یەکەمین جارە لەو وڵاتەدا بکرێت.

لیژنەی دادوەری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژەکەیان بە زۆرینەی دەنگەکان پەسەند کرد، 25 دەنگ بەرامبەر 17 دەنگ، سەرجەم دیموکراتەکان لەبەرژەوەندی پڕۆژە یاساکە دەنگیاندا و کۆمارییەکان دژایەتیان کرد.

وابڕیارە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە دیموکراتەکان تیایدا باڵادەستن پڕۆژە یاساکە پەسەند بکەن، بەڵام چارەنووسی پڕۆژەکە لە ئەنجومەنی سینات نادیارە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پێویستە لەسەر دیموکراتەکان لانی کەم 10 دەنگی کۆمارییەکان بەدەستبهێنن تاوەکو پڕۆژەکە پەسەند بکرێت.

بەپێی پڕۆژە یاساکە، پێویستە لیژنەیەک لە شارەزایان پێکبهێندرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەت وەکو قەرەبوو دەبێت بیدات بە نەوەکانی نزیکەی چوار ملیۆن ئەفریقی کە لەنێوان ساڵەکانی 1619 و 1865 دا هێندراونەتە ئەمەریکاوە، ئەو ماوەیەش بە مێژووی کۆیلایەتی ناسراوە.

ئامانج لە پڕۆژەکە " چارەسەرکردنی زوڵم و توندڕەویی و دڕندەیی و نامرۆییە کە بنچینەی کۆیلایەتیان پێکهێناوە."

سەرۆکی لیژنەی دادوەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دیموکرات جێری نادلەر پێش دەنگدانەکە وتی ئامانج لەم دەنگدانە " مێژووییە " بەردەوامیدانە بە دانوستانی نیشتیمانی لەسەر چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی خراپ مامەڵەکردن کە ئەمەریکیە بە ڕەچەڵەک ئەفریقیەکان لەمیانەی کۆیلایەتی و ڕەگەزپەرستیدا بەدەستیەوە ناڵاندوویانە و هێشتا لە کۆمەڵگەکەماندا بوونی ماوە."

بەڵام ئەندامانی کۆمارییەکان لە لیژنەکەدا دژایەتی ئەم پڕۆژە یاسایە دەکەن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دان دەنێن بە دڕندەریی کۆیلایەتیدا.

نوێنەری کۆمارییەکان چیپ ڕۆی وتی " پڕۆژەکە دوورمان دەخاتەوە لە خەونە گرنگەکە کە ئەویش بڕیاردانە لەسەر کەسەکە خۆی نەک ڕەنگی پێستی."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG