Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ جاری دووەم لەگەڵ هاوتا چینییەکەی کۆبووەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و هاوتا چینییەکەی وانگ یی لە دووەم ڕۆژی کۆبوونەوەکاندا کۆبوونەوە، لە کاتێکدا کە دوو وڵاتەکە هەوڵدەدەن مامەڵە لەگەڵ ناکۆکییەکانییاندا بکەن و چوارچێوەیەک دابنێن بۆ کۆبوونەوە پێشبینیکراوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی چین شی جین پینگ.

درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە وانگ گەیشتە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و لەگەڵ بلینکندا کۆبووەوە. بەیانی ڕۆژی هەینی دوو دیبلۆماتکارەکە دووبارە کۆبوونەوە.

بڕیارە وانگ سەردانی کۆشکی سپی بکات و لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤاندا کۆببێتەوە. پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بایدنیشدا قسە بکات.

سەردانە سێ ڕۆژییەکەی وانگ بۆ ئەمەریکا نوێترین گفتوگۆ سیاسییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیە، مەبەستی سەرەکی لە سەردانەکە ئامادەکاریکردنە بۆ کۆبوونەوەی پێشبینیکراوی نێوان بایدن و شی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی ڕابەرانی هاریکاری ئابووری ئاسیا – پاسێفیکدا کە بڕیارە لە مانگی یانزەدا لە سان فرانسیسکۆ بەڕێوەبچێت. چین تاوەکو ئێستا ڕاینەگەیاندووە کە ئایا شی ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت یاخود نا.

ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس کاریکردووەتە سەر پەیوەندییە ناجێگیرەکانی نێوان چین و ئەمەریکا، لە کاتێکدا کە واشنتن هیوادارە چین بتوانێت دەسەڵات و کاریگەرییەکانی بەسەر ئێراندا بەکاربهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ڕۆژی پێنجشەممە وانگ بە بلینکنی وت دوو وڵاتەکە ناکۆکییان هەیە و پێویستە گفتوگۆیەکی قوڵ و گشتگیر " ئەنجام بدەن بۆ کەمکردنەوەی لەیەکتر تێنەگەیشتن و جێگیرکردنی پەیوەندییەکان. وتی " نەک تەنها دەبێت گفتوگۆکان دەستپێبکەینەوە، بەڵکو دەبێت گفتوگۆکان بە قووڵی و گشتگیریش بن."

سیاسەتی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن ئەوە بووە ڕێگری بکات لەوەی ڕکابەرییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین و ناکۆکییەکانییان لەسەر چەندین بابەت، لەوانەش: تایوان، بازرگانی مافەکانی مرۆڤ و دەریای باشووری چین، پەرەبسەنن بۆ ململانێ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG