Accessibility links

چین داوا لە ئەمەریکا دەکات " دەستوەردان " لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین ڕابگرێت


چین ئەمەریکای بە تۆمەتی " دەستوەردان " لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین تۆمەتبار کرد و داوای لێکرد ئەو کارەی ڕابگرێت.

وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی لە بەیاننامەیەکدا دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی " بەپەلەترین ئەرکی سەرەکی لە ئێستادا ئەوەیە کە ئەمەریکا چیتر دەستوەرنەداتە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکینەوە."

وانگ وتی " ئەمەریکا بەردەوام کار و گوفتاری هەڵە بەرامبەر چین دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکیی زیاتر لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا."

پێدەچێت ئەم لێدوانەی چین سەبارەت بەوەی گوایە ئەمەریکا دەستوەردەداتە ئۆڵۆمپیادی پەکینەوە ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی ئەمەریکا و کۆمەڵێک لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا لەڕووی دیبلۆماتییەوە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکینیان بایکۆت کردووە.

بەپێی بایکۆتکردنەکە، ئەمەریکا شاندی دیبلۆماتی ڕەوانەی یارییەکان ناکات. بەڕیتانیا و ئوستڕاڵیاش بە هەمان شێوە لەڕووی دیبلۆماتیەوە ئۆڵۆمپیادی پەکینیان بایکۆت کردووە. کاتێکیش بایکۆت کردنەکە ڕاگەیەندرا چین وتی " ئەمەریکا دەبێت چیتر وەرزش بە سیاسیی نەکات."

بایکۆت کردنەکە مەبەست لێی ناڕەزایەتی دەربڕینە سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردنی چین لەگەڵ کەمینە موسوڵمانەکانی ویگۆردا لە هەرێمی شینگیانگی باکووری ڕۆژئاوای چین. چین بە تۆمەتی کۆمەڵکوژی و ناچارکردنی خەڵکی هەرێمەکە بۆ کارکردن تۆمەتبارکراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ماڵپەڕەکەی خۆی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا بلینکن و وانگ تاوتوێی مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییە ستراتیژییەکان و ئاسایشی تەندروستی و گۆڕانی کەش و هەوا کردووە.

لە بەیاننامەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە ئۆڵۆمپیادی پەکین نەدراوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG