Accessibility links

کۆشکی سپی دەڵێت ئەمەریکا لە پەیوەندیدایە سەبارەت بە تایوان


کۆشکی سپی دەڵێت بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە پەیوەندییەکی تایبەتدایە لەسەر ڕەفتارەکانی چین بەرامبەر تایوان.

ئەم لێدوانەی کۆشکی دوای ئەوە دێت وەزارەتی بەرگری تایوان ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگیەکانی چین هاتوونەتە ناو ناوچەی بەرگری ئاسمانی تایوانەوە.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی " بەتایبەتی لە پەیوەندییداین و لەڕێی کەناڵ دیبلۆماتیەکانەوە پەیامی ڕوونی خۆمان دەگەیەنین، ئەو کەناڵە دیبلۆماتیانەش گونجاون بۆ ئەو جۆرە پەیامانە."

دوابەدوای ئەوەی چین 56 فڕۆکەی بە ناو ناوچەی بەرگری ئاسمانی تایواندا برد، پەکین ئەمەریکای بە بەرپرس دانا لە زیادبوونی گرژییەکان لەسەر تایوان.

ماوەی ساڵێکە چین چالاکییە سەربازییەکانی لەنزیک تایوان زیادکردووە، بەتایبەتی لە بەشی ناوچەی بەرگری ئاسمانی باشووری ڕۆژئاوای دورگەکەوە.

بەڵام لە ڕۆژی هەینیەوە، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی نیشتیمانی چیندا، پەکین ئەرکە سەربازییەکانی زیاتر کردووە، لە ماوەی تەنها چوار ڕۆژدا نزیکەی 150 فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی تایواندا بردووە.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە چین کرد ئەرکە سەربازییە " وروژێنەرەکانی " لە نزیک تایوان ڕابگرێت، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی داواکەی ئەمەریکادا وتی ئەوە ئەمەریکایە کاری وروژێنەرانە دەکات و زیان بە ئاشتی ناوچەکە دەگەیەنێت، ئەوەش بە فرۆشتنی چەک بە تایوان و جموجۆڵی کەشتیە جەنگیەکانی بە تەنگەی تایواندا.

وتیشی چالاکییە سەربازییەکانی چین لە نزیک تایوان " مەترسی لێکدانەوەی هەڵەی لێدەکەوێتەوە و سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە."

وتیشی " چین دژایەتی ئەمە دەکات و ڕێوشوێنی پێویستی پێچەوانە دەگرێتەبەر."

وەزارەتی دەرەوەی چین ئەوەشی خستەڕوو " هەر قسەیەک لەسەر سەربەخۆیی تایوان کۆتاییەکەی داخراوە. چین هەرچی هەنگاوێک پێویست بێت دەیگرێتەبەر بۆ لەناوبردنی هەر پلانگێڕییەک بۆ سەربەخۆیی تایوان، سوربوون و ئیرادەی چین بۆ بەرگریکردن لە سەروەری نیشتیمان و خاکەکەی جێگیرە."

لەلای خۆشیەوە تایوان دەڵێت وڵاتەکەی سەربەخۆیە و بەرگری لە ئازادی و دیموکراسیەکەی دەکات. چینیش فشارە سەربازی و سیاسییەکانی زیادکردووە تاوەکو تایوان ناچار بکات فەرمانڕەوایی چین پەسەند بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG