Accessibility links

ئۆستن: ئەمەریکا دەیەوێت پەیوەندییەکی جێگیری لەگەڵ چیندا هەبێت


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن وتی ئەمەریکا پەیوەندییەکی جێگیریی لەگەڵ چیندا دەوێت لەکاتێکدا کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە دیارەکان.

لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا گرژییان تێکەوت، ئەوەش بەهۆی بابەتەکانی وەکو سەربەخۆیی تایوان و ڕەفتارەکانی چین لە دەریای باشووری چیندا.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە وتارێکدا لە سینگاپوور وتی " دەستەوەستان نابین کاتێک بەرژەوەندییەکانمان دەکەونە ژێر هەڕەشەوە، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوەمان ناوێت، بۆیە ڕێگەم بدەن بەڕوونی بیڵێم: وەکو وەزیر پابەندم بە گەڕان بەدوای پەیوەندییەکی بونیادنەرانە و جێگیر لەگەڵ چیندا."

جێی ئاماژەیە ئۆستن یەکەمین بەرپرسی باڵای بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدنە سەردانی ئەو ناوچەیە بکات، لە دوای دەستبەکاربوونیەوە وەکو وەزیری بەرگری ئەمەریکا، تاوەکو ئێستا ئۆستن قسەی لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی چینیدا نەکردووە، ئەمەش سەرەڕای هەوڵدانێکی زۆر لەسەر ئەو بابەتە.

دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزیری بەرگری سینگاپوور ئینگ هێندا، دوو وڵاتەکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان تاوتوێی بابەتەکانی ئاسایشی ناوچەکە و " گرنگیی سەروەری یاسا کردۆتەوە."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە دوو وەزیرەکە باسیان لە کۆمەڵێک بوار کردووە کە دەکرێت هاریکارییەکان تیایاندا زیاتر بکرێن، لەوانەش ئاسایشی ئەلیکترۆنی و یارمەتییە مرۆییەکان و قەرەبووکردنەوەی کارەساتە سروشتیەکان.

وابڕیارە ئۆستن دوابەدوای سەردانەکەی بۆ سینگاپوور سەردانی هەریەک لە ڤیێتنام و فلیپینیش بکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG