هەڵسوڕێنەری کاروباری وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا چاد وۆڵف دەڵێت ئەمەریکا پێدانی ڤیزا بە کۆمەڵێک دەرچووانی زانکۆ و توێژەرانی چینی ڕادەگرێت تاوەکو ڕێگەیان نەدا توێژینەوە هەستیارەکان بدزن.
لەمیانەی وتارێکدا لە واشنتن وۆڵف دووبارەی کردەوە ئەمەریکا چین تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ سیخوڕیکردن بەسەر بوارەکانی کار و پیشەسازی ئەمەریکادا و هەوڵیانداوە توێژینەوەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بدزن، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا چین هەوڵ دەدات ڤیزای خوێندکارەکان بەکاربهێنێت تاوەکو بێتە ناو بواری خوێندنی ئەکادیمی ئەمەریکاوە.
وۆڵف وتی " ڤیزا بەو دەرچووان و توێژەرە چینیانە نادەین کە پەیوەندییان بە ستراتیژی سەربازی چینەوە هەیە، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی ڕێگەیان نەدەین توێژینەوە هەستیارەکان بدزن و بکەونە ژێر دەستیانەوە."
لە ماوەی ڕابردوودا خوێندکارە چینییەکانی زانکۆکانی ئەمەریکا وتیان لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە پێیان ڕاگەیەندراوە کە ڤیزاکانیان هەڵوەشێندراونەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز