Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە چین دەکات ڕۆڵێکی گەورەتر ببینێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا


کاربەدەستێکی ئەمەریکا وتی دوای گفتوگۆکانی ڕەوشی ئاسایش لەگەڵ پەکیندا وڵاتە یەکگرتووەکان دەیەوێت چین ڕۆڵێکی گەورەتر ببینێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕێکخراوی داعش لە هەموو جیهان و عێراقیشدا.

سوزان ثۆرنتنی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ڕایگەیاند چین ڕۆڵێکی سنوردار دەبینێت لە هەوڵەکاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەمانەوێت گرنگی زیاتر بەو بابەتە بدات.

لەکاتێکدا سیاسەتمەداران و کاربەدەستانی سەربازی چین و ئەمەریکا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە واشنتن، سوزان ثۆرنتن بە ڕۆژنامەوانانی وت دەمانەوێت بیانبینین بجوڵێن و بەرپرسیارێتی زیاتر بخەنە ئەستۆی خۆیان.

وتیشی " دەمانەوێت گفتوگۆیەکی باشیان لەگەڵدا بکەین و پێمان وایە دەتوانن پێداویستی بۆ ئەو وڵاتانە دابین بکەن کە لەدژی تیرۆر دەجەنگن و یارمەتیان بدەن لەڕوویی ئاسایش و سەربازییەوە."

شایەنی باسە ڕۆژی چوارشەممە هەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن و وەزیری بەرگری ئەمەریکا جیم ماتیس و سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت یانگ جیی چی و جەنەڕاڵ فانگ فنگ هوی و سەرۆکی ئەرکانی سوپای گەلی چینی بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن.

سەرچاو/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG