Accessibility links

سەرۆک ترامپ لەگەڵ سەرۆکەکانی ژاپۆن و چیندا باس لە هەڕەشەکانی کۆریای باکوور دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە دوو پەیوەندیی تەلەفونی جیادا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی چین شی جین پینگ و سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابیدا گفتوگۆی ئەنجامدا سەبارەت بە هەڕەشەکانی بەرنامە ناوەکیەکەی کۆریای باکوور.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند هەریەک لە سەرۆک ترامپ و سەرۆکی چین پابەندبوونی خۆیان بە نیمچە دوورگەکەی کۆریاوە دووپاتکردەوە و سەرۆک ترامپ باسی لە هەڕەشەکانی بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور کردووە.

دەزگای هەواڵی چین ڕایگەیاند شی بە سەرۆک ترامپی وتووە هەندێک لە فاکتەری خراپ کاری کردۆتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین و هەروەها شی وتووشیەتی هیوادارە سەرۆک ترامپ بەشێوەیەکی گونجاو بەپێی بنەمای یەک چین مامەڵە لەگەڵ تایواندا بکات.

لەساڵی 1979 ەوە ئەمەریکا تایوانی بە بەشێک لە چین زانیوە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا ڕازیبوو لەسەر فرۆشتنی چەک بە تایوان بەبەهای 1.42 بلیۆن دۆلار.

لە پەیوەندییەکەی سەرۆک ترامپدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی، کۆشکی سپی ڕایگەیاند هەردوو سەرۆکەکە یەکڕا بوون لەسەر زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر کۆریای باکوور بۆ ئەوەی ئەو ڕێگا مەترسیدارەی گرتوویەتیە بەر بیگۆڕێت و ژاپۆن و ئەمەریکاش ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک یان کارێک لەلایەن کۆریای باکوورەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەی کۆشکی سپیدا هاتوە دەڵێت سەرۆک ترامپ و شی جین پینگ و ئابی بەنیازن لەم هەفتەیەدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی بیستدا لەم هەفتەیەدا ڕووبەڕوو کۆببنەوە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG