Accessibility links

ڕێبەرانی لەشکری ئەمەریکا هۆشداری دژ بە توندوتیژی سیاسی بە هێزی لەشکری دەدەن


هاوکاتی نیگەرانییەکان لەسەر نوێبوونەوەی توندوتیژییەکان لە ڕۆژی دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرایەتی نوێ، ڕۆژی سێشەممە ڕێبەرە باڵاکانی لەشکر یاداشتێکی نوسراویان پێشکەش بە هەمو ئەندامانی لەشکری کرد لەسەر ئەوەی یاخیبوونە کوشندەکەی هەفتەی ڕابردوو لە کۆنگرێس نادیموکراسی بوو، کردارێکی تاوانکاری بوو و مافی ئازادی ڕادەربڕین مافی ئەوە نادات بە هیچ کەسێک توندوتیژی ئەنجام بدات.

ئەو یاداشتەی لەلایەن سەرۆکی ستونە لەشکرییە هاوبەشەکانەوە مۆرکراوە وەبیر ئەندامانی لەشکری دەهێنێتەوە کە جۆو بایدن بە شێوەیەکی ڕاست و دروست وەکو سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا هەڵبژێردراوەو لە 20 ی مانگی یەک سوێندی یاسایی دەخوات.

ئەو یاداشتە هەنگاوێکی نائاسایی بوو لە نێو ڕێبەرایەتی لەشکریدا، ژەنەڕاڵ مارک میلی، سەرۆکی ستونە لەشکرییەکانی ئەمەریکا،هەستی کرد پێویستە بەبیری هێزە لەشکرییەکان بهێنرێتەوە کە شتێکی هەڵەیە پرۆسەی دەستوری بشێوێندرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاژانسەکانی چەسپاندنی یاسا هەوڵ دەدەن تەواوی ئاستی چالاکییە تاوانکارییەکانی پایتەخت دیاری بکەن و بزانن چەنێک ئەندامی لەشکری ئێستاو ڕابوردوو بەشداربوون تیایدا.

گوتراوە کە هەندێک لە ئەندامانی سەربازانی دێرین بەشدارییان لەو گێرەشێوێنییەدا کردووە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، بەڵام بەشداری هیچ ئەندامێکی ئێستای هێزەکانی ئەمەریکا پشتڕاست نەکراوەتەوە. سیناتۆر تامی دەکوەرت، سەربازی دێرینی شەڕی عێراق، ڕۆژی دووشەممە بە نوسراوێک داوای لە وەزارەتی بەرگری کردووە ڕێکخراوەکانی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری هاوکاری FBIو پۆلیسی پایتەخت بکەن بۆ ئەوەی بزانن چ ئەندامێکی ئێستا یان پێشووی لەشکری بەشدار بوون لەو "پیلانگێڕییەی" دژ بە حکومەت."

یاداشتەکەی سەرۆکی ستونە لەشکرییەکان بە ڕوونی باس لە دەستهەبوونی لەشکر لەو ڕووداوەدا ناکات.

لە یاداشتەکەدا هاتووە " ئەو کردارانەی لە ناو بینای کۆنگرێسدا بینیمان پێچەوانەی فەرمانی یاسا بوون. مافەکانی ڕادەربڕین و کۆڕو کۆبونەوە ئەو مافانە بە بە هیچ کەسێک نادات توندوتیژی دروست بکەن."

ئەو گوتیشی " وەکو ئەندامێکی لەشکری دەبێت بەهاو پرنسیپەکانی وڵات بەرجەستە بکەین. ئێمە پشتویانی و بەرگری لە دەستور دەکەین. هەر کردارێک کە ببێتە هۆی شێواندنی پرۆسە دەستورییەکان نەک تەنها دژی نەریت، بەهاو بەڵێنەکانمانە، بەڵکو لە دژی یاساشە."

بەر لە ڕۆژی دەستبەکاربوونی جۆو بایدن و کۆتایی تێرمی سەرۆک دانۆڵد ترامپ، گاردی نیشتمانی بڵاو دەکرێنەوە بۆ پشتیوانی کردن لە هێزەکانی چەسپاندنی یاسا. هیچ پلانێک نییە بۆ بەکارهێنانی هێزی لەشکری لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشیدا.

XS
SM
MD
LG