ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا داوای لە ئێران کرد گواستنەوەی چەکەکانی بەو قەبارە " بێپێشینەیە " بۆ حوسییەکانی یەمەن ڕابگرێت، وتیشی ئەو چەکانە وادەکات حوسییەکان بتوانن " هێرشی بێباکانە " بکەنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور و شوێنەکانی دیکەشدا.
جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا ڕۆبەرت وود بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی وت ئەگەر ئەنجومەنەکە دەیەوێت بەرەوپێشچوونێک بکات بەرەو کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی یەمەن، ئەوا دەبێت بە کۆمەڵ " لێپێچینەوە لە ڕۆڵە تێکدەرەکەی ئێران بکەن و سوور بن لەسەر ئەوەی ئەو وڵاتە نەتوانێت لە پشت حوسییەکانەوە خۆی بشارێتەوە."
وتیشی بەڵگەی زۆر هەن لەسەر ئەوەی ئێران چەکی پێشکەوتوو دەدات بە حوسییەکان، بە موشەکی باڵیستیکی و کروزیشەوە، ئەوەش پێشێلکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
وود وتی " بۆ تیشک خستنەسەر نیگەرانییەکانی ئەنجومەنەکە سەبارەت بە پێشێلکردنی بەردەوامی قەدەغەکردنی ڕەوانەکردنی چەک بۆ یەمەن، دەبێت کاری زیاتر بکەین بۆ پتەوکردنی جێبەجێکردنەکان و ڕێگریکردن لەو کەسانەی کە سزاکان پێشێل دەکەن."
حوسییەکان دەڵێن هێرشەکانییان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوورد و کەنداوی عەدەندا ئامانج لێیان فشارخستنە سەر ئیسڕائیلە تاوەکو جەنگەکەی لە غەززە دژی حەماس کۆتایی پێبهێنێت.
بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی دەریایی ئەمەریکا کۆتایی مانگی ڕابردوو وتی لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردووە حوسییەکان زیاتر لە 50 هێرشییان دژی کەشتییەکان ئەنجام داوە، دەستییان گرتووە بەسەر کەشتییەکدا و کەشتییەکی دیکەشییان نقووم کردووە.
لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا هێرشەکانی حوسییەکان کەم بوونەوە لە کاتێکدا هەڵمەتی هێرشە ئاسمانییەکان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە یەمەن حوسییەکانی کردووەتە ئامانج. هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا کەم بوونەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو مەترسییەوە.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن هانس گروندبێرگ هۆشداریدایە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وتی " دوژمنکارییەکان بەردەوامن "، سەرەڕای ئەوەی کە کەمبوونەوەیەک هەبووە لە هێرشەکاندا بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و زەریای هیندیدا، هەروەها ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیاش بۆ سەر ئامانجەکان لە یەمەن کەمبوونەتەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا