Accessibility links

ئەمەریکا 100 ملیۆن بەشی دیکەی ڤاکسینی فایزەر دەکڕێت


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند واشنتن 100 ملیۆن بەشی دیکەی ڤاکسینەکەی فایزەر- بایۆنتیکی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کڕیوە.

بەمەش تاوەکو ئێستا ئەمەریکا 400 ملیۆن بەشی لە ڤاکسین کڕیوە، نیوەیان لە فایزەر و نیوەکەی دیکەیان لە مۆدێرنا، ئەمەش ڕێگە بە ئەمەریکا دەدات ڤاکسینەکە بە 200 ملیۆن کەس بدات، چونکە ڤاکسینەکە دووجار وەردەگیرێت و دەبێت ماوەی نێوان هەر جارێک مانگێک بێت.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەپێی ڕێکەوتنەکە تاوەکو 30 ی مانگی شەشی ساڵی 2021 فایزەر 70 ملیۆن بەش لە ڤاکسینەکە ڕادەست دەکات و ئەوەی کە دەمێنێتەوە تاوەکو 31 ی مانگی حەوت دابینی دەکات."

ئەمەریکا دەیەوێت لەم مانگەدا ڤاکسینەکە بدات بە 20 ملیۆن کەس، بەڵام سەرەتا دەدرێت بە تیمەکانی تەندروستی و ئەو کارمەندانەی کە لە خانەکانی بەساڵاچوواندا کاردەکەن.

لیژنەی شارەزایان ڕۆژی یەکشەممە ئاماژەی بەوەدا ئەوانەی کە تەمەنیان لە 75 ساڵ زیاترە و ئەوانەشی کە کارەکانیان گرنگن وەکو مامۆستا و کارمەندی دوکانە گەورەکان و هێزەکانی ئاسایش کە بە هەموویانەوە 30 ملیۆن کەسن لەوانەن کە دوای تیمەکانی تەندروستی ڤاکسینەکەیان پێدەدرێت.

وەزیری تەندروستی ئەمەریکا ئالێکس ئازار لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەهۆی ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵی بڕێکی زۆری لە ڤاکسین کڕیوە، ئەمەریکییەکان دەزانن کە ئەوەندە بەشە ڤاکسین هەیە کە هەر کەس بیەوێت دەتوانێت تاوەکو مانگی شەشی ساڵی 2021 وەریبگرێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG