ئەمەریکا و سێ وڵاتی دیکە پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێکەوتنە سیاسییەکەی سودان دەربڕی بۆ دووبارە دەستبەکاربوونەوەی عەبدەڵا حەمدۆک وەکو سەرۆک وەزیری سودان.
ڕابەرانی سوپای سودان لە 21 ی مانگی یانزەدا ڕێکەوتنێکیان لەگەڵ هێزە مەدەنیە سیاسییەکاندا واژۆ کرد بۆ گەڕاندنەوەی حەمدۆک بۆ سەر دەسەڵات، دوای ئەوەی لە 25 ی مانگی 10 دا لەڕێی کودەتایەکی سەربازییەوە لەکارەکەی دوورخرایەوە و نزیکەی چوار هەفتە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرکرا.
ڕێکەوتنەکە دەسەڵات بە حەمدۆک دەدات سەرکردایەتی حکومەتێک بکات لەماوەی گۆڕانکاری سیاسیی لەو وڵاتەدا کە پێشبینی دەکرێت تاوەکو 2023 بەردەوام بێت، بەڵام دەبێت دەسەڵات لەگەڵ سوپادا هاوبەش بکات.
ئەندامانی حیزبە سەرەکییەکانی سودان و جوڵانەوە کاریگەرەکەی خۆپیشاندان، دژایەتی ڕێکەوتنەکە دەکەن، هەندێکیان بە " ناپاکی " ناودێرییان کرد.
ڕێکەوتنەکەی مانگی یانزە لە ڕێکەوتنەکەی پێشووترەوە سەرچاوەی گرتووە، کە دوای لەکارلابردنی عومەر ئەل بەشیر لە ساڵی 2019 دا، سوپا و هێزە سیاسییە مەدەنییەکان ڕێکەوتن لەسەر هاوبەشیکردنی دەسەڵات تاوەکو هەڵبژاردنەکان.
ڕێکەوتنەکە خۆپیشاندانێکی گەورەی لە خەڕتووم و شارەکانی دیکەی سودان لێکەوتەوە. تاوەکو کۆتایی مانگی یانزە، بەپێی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لانی کەم 40 خۆپیشاندەری بێ چەک بەهۆی بەکارهێنانی هێزی زیادەوە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کوژراون.
ئەمەریکا و سعودیە و ئیماڕات و بەڕیتانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان " هانی لایەنەکانی ڕێکەوتنەکە دەدەین پابەندی بەرپرسیارێتیەکانیان بن لە ڕێکەوتنەکەدا. لەم ڕووەوە ئێمە ئازادکردنی زیندانیە سیاسییەکان لەمدواییانەدا بەرز دەنرخێنین، هەروەها دامەزراندنی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە، تاوەکو دڵنیا ببنەوە لەوەی ئەوانەی بەرپرسن لە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا