Accessibility links

لە تەقەکردنێکدا لە سوپەرمارکێتێک لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمەریکا 10 کەس کوژران


پۆلیس وتی لە تەقەکردنێکدا لە سوپەرمارکێتێکی شاری بۆڵدەر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمەریکا لانی کەم 10 کەس کوژران.

ناسنامەی قوربانییەکان ئاشکرا نەکراوە بەڵام پۆلیسێک لە نێو کوژراوەکاندا هەبووە بە ناوی ئێریک تالیەوە.

سەرۆکی پۆلیسی شارەکە ماریس هێڕۆڵد وتی " لە شوێنی ڕووداوەکەدا 10 کەس کوژراون، پۆلیسێکیشیان تێدابووە، تالی کە وەڵامی ڕووداوەکەی دابۆوە یەکەم کەس بووە گەیشتۆتە شوێنی ڕووداوەکە، بە فیشەک کوژراوە." ئەو کارەی تالیشی بە " قارەمانانە " ناودێرکرد.

بەپێی پۆلیس چەکدارێک لە سوپەرمارکێتی " کینگ سوپەرز " دا تەقەیکردووە لە شاری بۆڵدەر کە 50 کم دوورە لە دێنڤەری پایتەختی ویلایەتەکەوە، دواتر دەستگیرکراوە.

دادوەری گشتی ناوچەکە مایکڵ دۆهێرتی وتی " ئەمڕۆ بۆڵدەر ڕووبەڕووی تاوانێکی کۆمەڵکوژی دڕاندنە بۆوە."

وتیشی " ئەو خەڵکە ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێدەکرد، بازاڕیان دەکرد، لەو کاتەدا لەلایەن چەکدارێکەوە دڕندانە ژیانیان وەستا، بەڵێن بە خەڵکی کۆلۆڕادۆ دەدەم هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین تاوەکو دادپەروەری لەم دۆسیەیەدا بەرقەرار بێت."

وتیشی پۆلیس گومانلێکراوەکەی دەستگیرکردووە و لەکاتی دەستگیرکردنەکەیدا برینداربووە.

جێی ئاماژەیە لەم ساڵانەی دواییدا کۆلۆڕادۆ کۆمەڵێک ڕووداوی تەقەکردنی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانەش ڕووداوی تەقەکردنەکەی ناو سینەماکەی ئاورورا و تەقەکردنەکەی ناو قوتابخانەکەی شاری کۆڵۆمۆبین.

ئەم هێرشەش دوای هەفتەیەک هات لە هێرشەکانی سەر سێ سەنتەری شێلان لە ناوچەکانی ئەتڵانتا، هەروەها حەوتەمین ڕووداوی تەقەکردنە لەم ساڵدا لە ئەمەریکا ڕووبدات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG