ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ڕۆژی هەینی 10ی مانگی یازدە ڕایگەیاند ئەمەریکا هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی فەلەستینی بە بەرز دەنرخێنێت و گوتیشی بەڵام ئەم ڕێوشوێنانە بەس نین و "ژمارەیەکی ڕادەبەدەر" لە فەلەستینییەکان کوژراون.
بلینکن لە نیودەلهی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت "هەنگاوەکانی ئەمدواییانەی ئیسڕائیل بۆ باشکردنی ڕەوشی خراپی غەززە لە کاتێکدا کە هێزەکانی بەرەو قووڵایی کەرتەکە دەجووڵێن، وەستاندنی کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە پێناو ئەوەدا فەلەستینییەکان بتوانن لە باکووری غەززەوە بڕۆن بەرەو باشووری غەززە، هەروەها دروستکردنی ڕێڕەوێکی دووەمی پارێزراو، هەنگاوی ئەرێنین بەڵام بەس نین."
وتیشی " شتی زۆر زیاتر هەیە دەبێت بکرێت بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و دڵنیابوونەوە لەوەی یارمەتییە مرۆییەکانییان بە دەست بگات. ژمارەیەکی ڕادەبەدەر لە فەلەستینییەکان کوژراون، ژمارەیەکی ڕادەبەدەر لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ئازاریان بینیووە، ئێمەش دەمانەوێت هەرچی لە تواناماندا بێت ئەنجامی بدەین بۆ ڕێگریکردن لە زیان گەیشتن بە هاووڵاتییانی سڤیل و زیادکردنی ئەو یارمەتییانەی کە بە دەستییان دەگات."
لێدوانەکانی بلینکن لە کۆتایی گەشتە دیپلۆماتییە نۆ ڕۆژییەکەیدا بوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا، لە دوای هێرشە کوشندەکەی حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل، ئەمە دووەمین گەشتی بلینکن بوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕۆژی هەینی وتی ژمارەی کوژراوەکان لە کەرتی غەززە 11,000 کەسی تێپەڕاندووە. لە هێرشەکەی حەماسیشدا بۆ سەر ئیسڕائیل زیاتر لە 1400 کەس کوژران.
بلینکن لە گەشتەکەیدا زیاتر سەنگی خستە سەر جەنگەکە. وتی ئەمەریکا پێشنیاری دیکەی کردووە لەسەر چۆنێتی پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا.
بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوە داوە کە ئارەزووی ئەوە دەکەن ببینن ئیسڕائیل " وەستانی مرۆیی " درێژتر ڕابگەیەنێت، نەک تەنها لە ڕێڕەوە پارێزراوە دروستکراوەکاندا بەڵکو لە ناوچەکانی دیکەشدا. هەروەها هیوای ئەوە دەخوازن ئیسڕائیل بتوانێت بڕی ئەو یارمەتییە مرۆییەی کە لە میسڕەوە ڕەوانەی غەززە دەکرێت زیاتر بکات، ئەوەش لە ڕێی زیادکردنی کاروانی بارهەڵگرەکانەوە.
بلینکن وتی لە هەمان کاتیشدا ئەمەریکا سوورە لەسەر ئازادکردنی ئەو ئیسڕائیلی و بارمتانەی دیکە کە لەلایەن حەماسەوە گیراون، هەروەها هەموو ئەو بیانییانە لە غەززە بهێنێتە دەرەوە کە دەیانەوێت ئەو ناوچەیە جێبهێڵن، ڕێگری بکات لە پەرەسەندنی توندوتیژییەکان بە ناوچەکەدا، هەروەها دەست بکات بە پلاندانان بۆ ئەوەی غەززە چۆن دەبێت لە دوای جەنگەکەوە.
بەڵام هەینی هەفتەی ڕابردوو سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو لە تەل ئەڤیڤ بیرۆکەی "وەستانی مرۆیی" ڕەتکردەوە و وتی فشارە سەربازییەکەی سەر حەماس ناکرێت کەم بکرێتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی بلینکن هۆشداریدا لەسەر ئەوەی فەلەستینییەکان بەرەو توندڕەویی زیاتر دەبردرێن کە دەکرێت ململانێ چارەسەر نەکراوەکەی ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان خراپتر بکات و ئیسڕائیل بخاتە مەترسییەکی گەورەترەوە.
دواتر وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی ئیسڕائیلییان بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار کرد، داوای دەستبەجێ ئاگربەستی تەواوییان کرد و داواکانی بلینکنیشییان بۆ پلاندانان بۆ غەززەی دوای جەنگ ڕەت کردەوە و وتییان ئەوە ساویلکەییە لە کاتێکدا کە مردنی هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززە لە زیادبووندایە.
ڕۆژی شەممە وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن ئەل سەفەدی لە عەمان بە بلینکنی وت " وڵاتانی عەرەبی داوای دەستبەجێ ئاگربەست دەکەن کە کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت."
لە ماوەی گەشتەکەی بلینکندا، ئوردن و تورکیا باڵیۆزەکانییان لە ئیسڕائیل گەڕاندەوە و ڕوونییان کردەوە کە نوێنەرانی ئیسڕائیل لە وڵاتەکانییاندا پێشوازییان لێناکرێت تاوەکو ئەم جەنگە تەواو دەبێت.
سەرچاوە/ AP