وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت ئەمەریکا 475 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ یارمەتیدان لە پاراستنی پۆلیس و هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیادا دابین دەکات.
بلینکن گوتیشی ئەمەریکا پێی وایە ئەم یارمەتییە و ئەو 187 ملیۆن دۆلارەی کە پێشتر ڕەوانەی کیێڤ کراوە یارمەتیدەر دەبن لە بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی ئۆکرانیا بۆ بەرپەرچدانەوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا و پارەکە ڕاستەوخۆ ڕەوانەی پۆلیسی نیشتیمانی ئۆکرانیا و دەزگای پاسەوانی سنووری ئەو وڵاتە دەکرێت.
بلینکن گوتی " یارمەتییەکانمان لە دابینکردنی کەلوپەلی پاراستن و پێویستی تەندروستی و ئوتومبێلی زریپۆش بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی قوربانیانی لە نێو هاوڵاتیانی مەدەنی و بەرگریکارەکانیاندا کەم کردۆتەوە."
گوتیشی هەندێک لەو بڕە پارەیەی دابین کراوە یارمەتیدەر دەبێت لە لێکۆڵینەوەکانی ئۆکرانیا و تاوانبار کردنی ئەو سەربازە ڕووسییانەی کە کردەوەی دڕندانەیان دژی هێزەکانی ئۆکرانیا و هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام داوە، کە هەزاران کەسیان لە جەنگەکەدا کوژراون.
بلینکن گوتیشی " ئەمەریکا لە پاڵ گەلی ئۆکرانیادا دەبێت و بەردەوام دەبێت لە پابەندبوون بە ئۆکرانیایەکی خاوەن سەروەر و دیموکرات و سەربەخۆوە."