Accessibility links

بلینکن جەخت لە پشتیوانی ئەمەریکا دەکاتەوە بۆ ئۆکرانیا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەردانێک گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و دووبارە جەختی لە پشتیوانی ئەمەریکا کردەوە بۆ ئەو وڵاتە کە ماوەی حەوت ساڵە دژی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا دەجەنگێت کە لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

بلینکن لە میانەی سەردانەکەیدا داوای کرد هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کە بابەتی سەرەکییە لە وڵاتەکەدا، هەروەها داواشیکرد ئۆکرانیا چاکسازی بکات لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوادا.

بلینکن لە میانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانیەکەی دیمیترۆ کۆلیبادا وتی " لەبەر هۆکارێکی سادە لێرەم، ئەویش ئەوەیە بەناوی سەرۆک بایدنەوە جەخت لە پابەندبوونی ئەمەریکا بکەمەوە بە سەروەری ئۆکرانیا و یەکپارچەیی خاکەکەی و سەربەخۆییەکەیدا."

دواتریش جەختی لەوە کردەوە " واشنتن پابەندە بە کارکردن لەگەڵ ئۆکرانیادا بۆ پتەوکردنی دیموکراسیەت، ئەوەش لەڕێی بونیادنانی دامەزراوەکان و ئەنجامدانی چاکسازییەکان دژی گەندەڵی."

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا وتی " ئەمەریکا هاوپەیمانی یەکەمی ئۆکرانیایە لە بوارەکانی ئاسایش و بەرگریدا." وتیشی یارمەتییەکانی ئەمەریکا لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی جیاخوازەکانەوە " بەرز دەنرخێنین."

ئەم سەردانەی بلینکن دوای زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا دێت و ڕۆژی پێنجشەممەش لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکیدا کۆدەبێتەوە.

لە مانگی چواردا ڕوسیا دەیان هەزاران سەربازیلەسەر سنوووری ئۆکرانیا بڵاوکردەوە و وتی ئەوە تەنها بەمەبەستی " مەشقی سەربازییە."

ئەم کارەی ڕوسیاش ئۆکرانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوای نیگەران کرد لەسەر هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ، چونکە بڵاوکردنەوەی هێزەکان بەو چڕییە هاوکات بوو لەگەڵ نوێبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG