دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هیوای خواست بەزووترین کات سنوورێک بۆ ململانێکانی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل دابندرێت.
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هیوا دەخوازم بەمزووانە ململانێکان کۆتاییان پێبێت، بەڵام ئیسڕائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات."
لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ئەنتۆنی بلینکن پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا ئەنجامداوە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی بۆردومانەکانی ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان.
لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا بلینکن نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە " هێرشە موشەکیەکانی سەر ئیسڕائیل " و دووبارە داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد گرژییەکان کەم بکەنەوە، هەروەها بە نەتانیاهوی ڕاگەیاند پێویستە ئیسڕائیلیەکان و فەڵەستینیەکان بە پارێزراوی بژین.
هەروەها وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی وەزیری بەرگری وڵاتەکە لوەید ئۆستن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا ئیسڕائیلییەکەی جەختی لە پشتیوانی ئەمەریکا کردۆتەوە لە مافی ئیسڕائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی لە بەیاننامەیەکدا وتی " وەزیر ئۆستن پشتیوانی وەزارەتەکەی لە مافی ئیسڕائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی و گەلەکەی ڕوونکردۆتەوە و بەتوندی سەرکۆنەی هەڵدانی موشەکەکانی کردووە لەلایەن حەماس و گروپە تیرۆریستیەکانی دیکەوە بۆ سەر ئیسڕائیل."
هەروەها وتیشی " ئۆستن جەختی لەوە کردۆتەوە پێویستە سەرجەم لایەنەکان ڕێوشوێن بگرنەبەر بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز