Accessibility links

بایدن هەوڵەکانی سیسی لە سەرکەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان بەرز دەنرخێنێت


کۆشکی سپی وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی میسڕ عەبدولفەتاح سیسیدا کردووە و سوپاسی میسڕی کردووە لەسەر سەرکەوتنی هەوڵە دیبلۆماسییەکانی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکایەتی میسڕ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆکی میسڕدا ئەنجامداوە و لەمیانەی گفتوگۆکانیاندا باسیان لە ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان کردووە، هەروەها تاوتوێی یارمەتییە مرۆییەکانیان کردووە بۆ کەرتی غەزە و هەروەها ئەو هەوڵانەشی کە دەدرێن بۆ دووبارە بونیادنانەوەی کەرتەکە.

وتیشی " دوو سەرۆکەکە تاوتوێی نوێترین پێشهاتەکانی پرسی فەڵەستینیەکان و دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکیان کردووە بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیلدا."

دوای شەڕ و پێکدادانەکان کە یانزە ڕۆژی خایاند، میسڕ نێوەندگری کرد بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکاندا.

لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی میسڕدا هاتووە دەڵێت " سەرۆک بایدن ئاشکرای کرد وڵاتەکەی بەنیازە کاربکات بۆ گەڕاندنەوەی هێمنی و دووبارە هێورکردنەوەی ڕەوشەکە لە خاکەکانی فەڵەستینیەکاندا، هەروەها هەماهەنگیکردن لەگەڵ سەرجەم هەوڵە نێودەوڵەتیەکاندا بۆ پشتیوانیکردن لە دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان و دووبارە بونیادنانەوەی غەزە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG