Accessibility links

سزا نوێیەکانی ئەمەریکا هاوردەی زێڕی ڕووسیا دەکەنە ئامانج


وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین

ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا سزای بەسەر زیاتر لە 100 ئامانجی دیکەی ڕووسیدا سەپاند و هاوردەکردنی زێڕی ڕووسیای قەدەغە کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی پابەندبوونی بە بڕیارەکەی کۆمەڵەی حەوتەوە بۆ توندکردنەوەی سزاکانی سەر ڕووسیا.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا گوتی سزایان بەسەر 70 لایەندا سەپاندووە کە هەستیارن بۆ بناغەی پیشەسازی بەرگری ڕووسیا، هەروەها سزایان بەسەر 29 کەسی دیکەدا سەپاندووە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ کۆسپ خستنە بەردەم تواناکانی ڕووسیا بۆ ڕەوانەکردن و پەرەپێدانی چەک و تەکنەلۆجیا.

بڕیارەکەی ئەمەریکا سەرمایەی سزادراوەکان لە ئەمەریکا سڕدەکات و بەگشتی لەسەر ئەمەریکییەکانی قەدەغە دەکات مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین لە بەیاننامەیەکدا گوتی " بە ئامانجکردنی پیشەسازی بەرگری ڕووسیا تواناکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن کەمدەکاتەوە و ڕێگری زیاتر لە جەنگەکەی دەکات لە ئۆکرانیا، کە پێشتریش بەهۆی نەبوونی ئیرادە و تێکچوونی دابینکردنی پێداویستییەکان و شکستە لۆجیستیکییەکانەوە ڕێگری بۆ دروست بووە."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت سزای نوێ بەسەر کۆمپانیای ڕۆستێکی ڕووسیدا سەپێندراوە، کە کۆمپانیایەکی بەرگری و فڕۆکەوانی ڕووسییە. وتیشی " چەترەکەی بەڕێوبەرایەتی ڕۆستێک 800 لایەن لە سەرانسەری کەرتەکاندا لەخۆدەگرێت " و سەرجەم لایەنەکان لە سەدا 50 یاخود زیاترییان لەژێر دەستی ڕۆستێکدا بووبێت، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بڵۆک کراون.

خەزێنەی ئەمەریکا گوتیشی دامەزراوەی فڕۆکەوانی یەکگرتووی ڕووسیاش سزای بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش بە مەبەستی " لاوازکردنی تواناکانی ڕووسیا لە بەردەوامبوون لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بۆ سەر ئۆکرانیا."

دامەزراوەی فڕۆکەوانی یەکگرتوویی ڕووسیا فڕۆکە جەنگییەکانی میگ و سوخۆی ڕووسی دروست دەکەن، ئەو جۆرە فڕۆکانە لەلایەن هاوپەیمانەکانی ئەمەریکاشەوە بەکاردەهێندرێن، لەوانەش هەندێک لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا، زۆرینەی دامەزراوەکەش ڕۆستێک خاوەنییەتی.

کۆمپانیای توپۆلێڤیش کە فڕۆکە ستراتیژییە تۆپهاوێژەکان و فڕۆکەکانی گواستنەوە دروست دەکات، سزای بەسەردا سەپێندراوە.

ئەمەریکا هاوردەکردنی زێڕی ڕووسیای قەدەغەکرد، ڕووسیا ساڵانە نزیکەی لە سەدا 10 ی زێڕ لە جیهاندا بەرهەم دەهێنێت و دوای نەوت و گاز سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی وڵاتەکەیە.

زێڕ سەرمایەیەکی گرنگە بۆ بانکی ناوەندی ڕووسیا، کە لە ئێستادا هەندێک لە سەرمایەکانی بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە لە دەرەوەی ڕووسیا سڕکراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG